Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە میر و بابەشێخی ئێزدییان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە 2ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان و بابە شێخ ، شێخ عەلی شێخ ئەلیاس کرد .
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە خزمەتکردنی زیاتری ئێزدییان دووپاتکردەوە کە وەک هەمیشە، پشتیوان و داکۆکیکاری بەهێزی مافەکانیان دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم، هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ ، بۆ ئەوەی بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی فیدرالی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و ئاوارەکان، بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.
میر و بابەشێخی ئێزدییان، وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، سوپاسی سەرۆکی حکومەتیشیان کرد بۆ ڕەزامەندیدانی لە سەر، کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانیان، لەوانە، کردنی هەردوو کۆمەڵگەی خانکێ و شاریا بە ناحیە، ئەمەش لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک .