Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە 16 ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریارک مار ئاوای سێیەم پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا ، سەرۆکی حکومەت، دووبارە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پاتریارک مار ئاوای سێیەم کرد و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دووپاتکردەوە لە پێناو برەودانی زیاتر بە کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری، سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە، کوردستان مەڵبەندی بەیەکەوەژیان و ئازادیی ئایینی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانە و پێویستە پەیامی هەموو ئایینەکان، بڵاوکردنەوەی ئاشتیی و خۆشەویستی بێت .
بارودۆخی گشتیی کریستیانەکان لە عێراق و سوریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.