Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی چەند وڵاتێک دەکات دەربارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پێشوازی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی هاوبەشەکانی عێراق دەکەم، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.
هەروەها بە گەرمی پێشوازی لە پشتیوانی دۆست و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم بۆ ئاسانکاریکردن لە پێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو، بە تایبەتی ناردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق ( UNAMI) و یەکێتی ئەوروپا و لایەنەکانی تر .
حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەدات کە ئازادی گەڕان و هاتووچۆی تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتیی دابین دەکات و هانیان دەدات کە لە ناوچە جیاوازەکانی عیراق، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەن، لەنێویشیاندا ناوچە جێناکۆکەکان. ئەم پشتیوانیەش زۆر گرنگە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
گرنگە کاندیدەکان ، بەبێ ترس و دوور لە توندوتیژی و تۆقاندن و بە ئازادی کەمپین بکەن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن، ئەنجامێکی دیموکراتيانەی ڕاستەقینەی بۆ هەموو عێراقییەکان و دۆستەکانی عێراق لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ بەرهەم بێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، خوازيارە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن، تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتیی و هاوبەشەکانمان، ڕاسپاردەی پێویست بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەسەرتاسەری عێراقدا، پێشکەش بکەن .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان