Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی کۆماری گەلی تورکیا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 5 ی ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی کۆماری گەلی تورکیا ( CHP) بە سەرۆکایەتی ئۆگوز کان سالیجی جێگری سەرۆکی پارتەکە کرد.
لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاووتوێ کرا.
جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، سڵاوو ڕێزی کەمال کلیچیدار ئۆغلۆی سەرۆکی پارتەکەی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە یەکەمجارە شاندێکی باڵای پارتی کۆماری گەلی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، گوتیشی ئامانجمان لە سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و خستنەڕووی بۆچوونی پارتی کۆماری گەلە دەربارەی چەند بابەت و پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش.
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهانە و هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەدا و هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندییە لە گەڵ تورکیا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەی جیاوازە، کە نیشانەی دەوڵەمەندی وڵاتەکەیە.