Skip to the content

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری لە هەرێمی کوردستان دەخرێتە کار

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئاب، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ یەکەمجار سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری لە هەرێمی کوردستان کاراکرا و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاراکردنی ئەو سیستەمە بە قۆناغێکی نوێ و سەردەمیانە ناودەبات کە بەشێکە لە پرۆسەی بە دیجتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان . 
.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی مۆڵەتی شوفێری خۆی بەو سیستەمە نوێێە نوێکردەوە، لە وردەکاری سیستمی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی کۆڵییەوە و لەلایەن بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر زانیاری لەبارەی سیستەمەکە خرایەڕوو.
سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد کە کۆمپانیایەکی ئەڵمانییە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ کۆکردنەوەی داتای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و لەمەودوا هەم دەتوانین مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە ئەلیکترۆنی ئەنجام بدەین. هەمیش ئەو سیستەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی دیکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێن.
سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی: ئێمە لە شێوازی بەکارهێنانی کاخەز و رووتینێکی دوور و درێژەوە، گەیشتین بەوەی بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و خێرا کارەکان ئەنجام بدەین، کە ئەمەش جێی دەستخۆشی و ئومێدە، قۆناخێکی نوێ و سەردەمیانەیە، بۆ ئەوەی لەمەودوا کاروباری هاووڵاتییان بە ماوەیەکی خێراتر و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێن، دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە کاریان لە سیستەمەکەدا کردووە و پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەم.