Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە لە بارەی باج

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، ڕێکخستنەوەی باج لە هەرێم بووە. حکومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناتوانێت باج زیاد بکات، بەڵکو ئەرکی ئەم دەسەڵاتە تەنیا جێبەجێکردنی یاساکانە و ئەو ڕێکارانەی گیراونەتەبەریش ئامانج لێیان تەنھا ڕێکخستنەوەی باج و ڕێگریکردن بووە لە خۆدزینەوە لە دانی باج. هەر لەم چوارچێوەیەدا باجی کۆمپانیا گەورەکان و گەورە باجدەران ڕێکخراوەتەوە و ئەم چەندەش کاریگەریی لە سەر زیادکردنی داهات هەبووە و ئەم داهاتەش بۆ خزمەتی هاووڵاتییان دەبێت.
لەم ماوەیەدا گلەیی هەبووە کە ڕێژەی باجی پیشەوەران و خاوەن دوکان و پیشە بچووکەکان زیاد بووە، جەنابی سەرۆکی حکومەت خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کرد و دوای چەند کۆبوونەوەیەک فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە کە دیارکردنی ڕێژەی باج بۆ پیشەوران بە ڕێگەی مەزندە ڕابگیرێت و وێڕای بەردەوامی لە کۆکردنەوەی باج، ڕەچاوی دۆخی ئابووری و ژیانی پیشەوەران بکرێت و نابێت باج ببێتە هۆی لاوازکردنی جوڵەی ناو بازار.
حکومەتی هەرێم بە ڕێگەی بسپۆڕانی بواری باج، خەریکی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باجن بە شێوەیەک کە دیارکردنی رێژە و کۆکردنەوەی باج بە شێوەیەکی گونجاو و دادپەروەرانە و شەفاف بێت. تا ئامادەبوونی ئەم سیستەمەش، نابێت بارگرانیی دارایی بۆ پیشەوەران دروست ببێت.

 

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢١/٢/٢٠٢٢