Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەرال کارل هاریس جێگری فەماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر تاووتوێ کرا.
جێگری فەماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانانی بۆ هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە داعش هێشتا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لە سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و سوریا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردن و بەردەوامبوونی میکانیزمەکانی هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە کردەوە بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ کۆتاییهێنانی بە هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە ڕێگەی کاراکردنی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەش و نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەدا .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی چاکسازی و هەوڵەکانی ڕێکخستنەوە و یەکخستنی یەکەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا کرا.