Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەکات

سەرۆکی حکومەت :

  • دەبێ زۆر گرنگی بە ڕێگاوبانەکان و دروستکردنی ڕێگەی دووساید لە نێوان پارێزگاکان و شارەکانی هەرێم بدرێت و بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و بە پێی مەرج و ستانداردی نێودەوڵەتی بێت.
  • پێویستە کار لە سەر بووژاندنەوەی زیاتری گوند و دێهاتەکانی کوردستان بکرێت و بژێوی گوندنشینانیش باشتر بکرێت.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کرد و لەلایەن دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پێشوازی لێ کرا.

پاشان سەرۆکی حکومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکارانی وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت پێشکەش کرد و ئاماژەی بە پلانی چوار ساڵەی وەزارەت و ئەو پڕۆژانە کرد کە لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیە جێبەجێکراون، هاوکات تیشکی خستە سەر پڕۆژە بەردەوامەکان و ئەو پڕۆژانەش کە گرنگ و بایەخدارن، لەگەڵ ئاماژەدان بەتەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی رێگا دوسایدییەکانی نێوان شارەکان.

دواتر سەرۆکی حکومەت، لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی قەیرانی دارایی، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەپێی پلان و   بودجەی بەردەست و بەهۆی کارنامە چاکسازییەکەی ، توانی بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و ڕێگەوبانەکان . هەروەها کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجیش کراوە وەک پڕۆژەی بنیاتنانی هێلی ئاسنین کە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ بەیەکەوەبەستنەوەی شارو ناوچەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ.

سەرۆکی حکومەت، هەروەها جەختی لە گرنگیی بایەخدان بە ڕێگەوبانەکان و دروستکردنی ڕێگەی دووساید لە نێوان پارێزگاکان و شارەکانی هەرێم بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و بە پێی مەرج و ستانداردی نێودەوڵەتی كردەوە . لە هەمانکاتدا کار بکرێت لە سەر چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕێگە و شەقامەکانی ئێستا بە شێوەیەکی باش و بەجۆرێک بەرگەی زۆری ژمارەی ئوتومبێلەکانی کوردستان و کەشو هەوا بگرێت .

سەرۆکی حکومەت، هەروەها باسی لە پلانەکانی حکومەت کرد لە بواری نیشتەجێکردن کە بڕیارە بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هاوکاری کەرتی تایبەت بۆ کرێنیشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالیتیەکی باش دروست بکرێن. لەهەمانکاتدا، کار لە سەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەش بکرێت کە چەند ساڵێکە دەست بە دروستکردنیان کراوە و تا ئێستا تەواو نەکراون.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە زۆر گرنگی و بایەخ بە گوند و دێهاتەکانی کوردستان بدرێت و ڕێگەوبانەکانیان نۆژەن بکرێنەوە و بژێوی گوندنشینان باشتر بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ حکومەت بە هاوکاری کەرتی تایبەت، پشتگیریی لە دروستکردنی پڕۆژەی بچووک لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و پیشە دەستکردەکان لە گوندەکان بکات بۆ ئەوەی گوندنشینانی کوردستان لێی سوودمەند ببەن و ئابووری کوردستانیش زیاتر گەشە بکات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەندین پێشنیار و راسپاردە لە پێناو باشترکردنی کاروبارەکانی وەزارەت و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و نەهێشتنی ڕووتین و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان، لەلایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو.

 

بۆ بینینى گوتارى سەرۆکى حکومەت بەشێوەى ڤیدیۆ، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن - YouTube