Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵبژاردەی فوتساڵی خانمانی عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 28 ی حوزەیران ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵبژاردەی فوتساڵی خانمانی عێراق کرد کە زۆرینەی یاریزانەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێکردن بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە سێیەم پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بۆ فوتساڵی خانمان کە لەم دواييانە لە عەرەبستانی سعودی بەڕێوەچوو.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە وەرزش جیا لە سوودە تەندروستییەکانی، ڕۆڵێکی گرنگیش دەبینێت لە ناساندن و ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان گەلانی جیهان. خۆشحاڵیشی نیشاندا کە هەماهەنگییەکی باش هەیە لە نێوان ئەندامانی هەڵبژاردەکە کە لە پێکهاتە جیاواەکانی عێراق پێکهاتوون و توانیان بەیەکەوە عێراق بەهێزتر بکەن. سەرۆکی حکومەت گوتیشی ئافرەتانی کوردستان، وەک چۆن وەک پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریکردن لە کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو و جیهانیشیان سەرسام کرد ، ئەمڕۆش لە بواری وەرزشدا، ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە سەرکەوتن و بە دەستهێنانی پلەی یەکەم بو هەڵبژاردەی عێراق. .
لە بەرامبەردا فیراس بەحرولعلوم ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و سەرۆکی شاند و ئەندامانی هەڵبژادەی فوتساڵی خانمان، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ گرنگیپێدان و پشتیوانی سەرۆکی حکومەت لە وەرزش و وەرزشکاران دەربڕی .