Skip to the content

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: باشترکردنی دۆخی ته‌ندرووستی، تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو پێویستە خێزان و کۆمەڵگە و هاووڵاتییانیش، یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی ته‌ندروستیی گشتی

هەولێر،هەرێمی کوردستان-عێراق، (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 8 ی ئاداری 2022 بە چاودێری و ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،  كۆنفرانسی پێداچوونەوە و شیکردنەوە و چاکسازیکردن لە سیستەمی تەندروستی بەڕێوەچوو.

سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا وێڕای ئاماژه‌دان به‌ كار و پڕۆژه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری ته‌ندرووستییدا، ئەماژەی بەوەشدا کە باشترکردنی دۆخی ته‌ندرووستی، تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو پێویستە  خێزان و کۆمەڵگە و هاووڵاتییانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی ته‌ندرووستیی گشتیی.

ئەمەش دهقی گوتارهكهی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

 

بە ناوی خوا گەورە و میهرەبان

بەڕێزان زۆر بەخێربێن سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم لەم کۆنفرانسە ، بەتایبەتی میوانە بەڕێزەکان چ ئەوانەی لە دەرەوەی عێراقەوە هاتوون یان ئەوانەی لە بەشەکانی تری عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان .

هەورەها دەمەوێ سوپاسێکی تایبەتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بکەم کە بەردەوام لە گەڵمان بوون و پاڵپشت وهاوکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بوون و هیوادارم لە گەڵمان بەردەوام بن بۆئەوەی بەیەکەوە بتوانین خزمەتێکی زیاتری کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ومرۆڤایەتی بە گشتی بکەین . هەروەها سوپاس و دەستخۆشیش لەو ڕێکخراوە نێودەولەتییەش دەکەم کە لە گەڵ وەزارەتی تەندروستی خەریکن بۆ ئەوەی ریفۆرم لە سێکتەری تەندروستی بکرێت تاکو بتوانین خزمەتێگی باشتر بە هاووڵاتییان بکەن.

بەڕاستی من زۆر دڵخۆش بووم بەو داتایانەی کە من ئەمڕۆ بینیم و پێشکەشیان کرد. جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە کەرتی تەندروستیدا دروست بووە بەڵام هێشتا سەرەتایە و هیوادارین زۆر لەوە باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەین لەم کەرتە گرنگەدا.

خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسە گرنگەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم کە تایبەتە بە پێداچوونەوە و شیکردنەوە و چاکسازیکردن لە سیستەمی تەندروستی.

هیوادارم ئەم کۆنفرانسە، ئەنجام و راسپاردەی گرنگ و باشی لێ بەرهەم بێت و یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەو چاکسازییانەی لە بواری ته‌ندرووستی دا ئەنجامیان دەدات.

سوپاسی رێکخەرانی کۆنفرانس لە وەزارەتی ته‌ندرووستی و رێکخراوی ته‌ندرووستی  جیهانی(WHO) دەکەم بۆ هەماهەنگیکردنیان لە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسەدا.

 بەڕێزان..

لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستمان بە پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازی لەبوار و سێکتەرە جۆراوجۆەکاندا کرد، کە کەرتی ته‌ندرووستی، یەکێک لەو بوارە گرنگانە بوو. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم، ئەویش ئەوەیە ئەگەر سیستەمی ته‌ندرووستی  گشتیی کێشەی نەبووایە، بێگومان پێویستی بە چاکسازی نەدەکرد. ئێستاش گرفتی زۆر هەیە و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خراپ بەڕێوەبردن وهەبوونی سیستەمی ناڕێکە لەم کەرتەدا.

 بێگومان چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی دەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە هەنگاوی باش و گرنگمان لە چاکسازیکردن لە بواری ته‌ندرووستی دا ناوە، کە بە پێویستی دەزانم لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان بدەم، بۆ نموونە:

- چاکسازی لە بواری کوالێتی دەرمان و رێنماییەکانی ھێنان و تۆمارکردن و پشکنین و چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕی دەرمان و سزادانی سەرپێچیکاران. بێگومان گلەیی زۆر لە هاوردەکردن و قۆرخکردن هێنانی دەرمان و کوالێتییەکەی هەیە. بۆیە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە بەرنامە چاکسازییەکەی لەم بوارەدا ئەگەرچی رووبەڕووی بەرژەوەندی تایبەتی تایبەتی زۆر کەس ولایەنیش بووەتەوە، بەڵام ئێمە سوورین لە سەر درێژەدان بە بەرنامە چاکسازییەکەمان لە بواری دەرماندا.

- دەرچوونی یاسای مافی نەخۆش و یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و ئامادەکردنی رەشنوسی یاساکانی مافی پزیشک و بیمەی ته‌ندرووستی و نەخۆشخانە تایبەتەکان.

- رێکخستنەوە و دانانی رەشنووسی پڕۆژەیاسای کەرتی تایبەت و گشتی لە بواری خزمەتگوزاری پزیشکیدا.

- کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە رێژەی %25 بۆ سووککردنی بارگرانی لە سەرشانی هاووڵاتییان.

- لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە سەد ملیار دینارمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکرد، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و رێنمایی ته‌ندرووستی. ئەوە بوو هەر زوو، بودجەیەکی فریاگوزاریمان تەرخان کرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لێرەدا بە پێویستی دەزانم دووبارە سوپاس وپێزانینی خۆم ئاراستەی وەزارەتی ته‌ندرووستی  و هەموو پزیشک و کارمەندانی ته‌ندرووستی  بکەم کە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون. بە رێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو پزیشک وکارمەندانەی کەرتی ته‌ندرووستی  دەکەینەوە کە لە رووبەڕووبونەوەی کۆڕۆنادا گیانیان بەخشی. هەروەها سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەموو ئەو هاووڵاتییانەش دەکەم کە بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەستدا.

هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازییەکانمان لە بواری تهندرووستی، ئەم هەنگاوانەش نراون:

- چاکسازیکردن لە بواری رێنماییەکانی ھاوردەکردنی خۆراک و ماددە کھولی و وزەبەخشەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران، کە ته‌ندرووستی و سەلامەتی ژیانی ھاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.

- دابەشکردنی پسپۆڕیە جیاوازەکانی پزیشکی بۆ دەرەوەی سەنتەری شارەکان و قەزاو ناحیەکان لە پێناو هەبوونی ھاوسەنگی لە گەیاندنی خزمەتگوزاری ته‌ندرووستی.

- بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمەکانی ھاوردەو جوڵەی دەرمان و ستیکەرو ڤاکسین و پشکنینی تاقیگە و بوارەکانی تر.

- پاڵپشتیکرنی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و دابینکردنی پێداویستی و چارەسەرییەکان بە شێوازێکی سەردەمیانە.

- بنیاتنان وفراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و بنکەی ته‌ندرووستی و دامودەزگا ته‌ندرووستییەکان بە پێی توانا داراییەکانی بەردەست.

لە پاڵ ئەم هەنگاوە گرنگانەدا لە بواری چاکسازی، چەندین پڕۆژەی گرنگ لە بواری ته‌ندرووستی دا تەواو دەبن، لە رێگەی حكومەتی هەرێم و بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست، لەوانە:

- کردنەوەی نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەکان و کۆڕۆنا لە شاری سلێمانی بە هاوکاری حکومەتی ئەڵمانیا.

- کردنەوەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک (لەیزەر) لە شاری ھەولێر.

- کردنەوەی نەخۆشخانەی نوێی منداڵان لە ناو نەخۆشخانەی راپەڕین لە شاری ھەولێر.

-دانانی بەردی بناغەی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە شاری دھۆك.

-کردنەوەی نەخۆشخانەی نوێی سووتان لە ھەولێر.

-تەواوکردنی نەخۆشخانەی سیدەکان.

-تەواو کردنی سەنتەری شێرپەنجەی مەمک لە راپەڕین.

- کردنەوەی نەخۆشخانەی چاو لە ھەولێر.

-کارکردن بۆ دانانی سەنتەری شێرپەنجەی مەمک لە شاری ھەڵەبجە.

-کارکردن لە دروستکردنی نەخۆشخانەی کۆمەڵگەی هیتۆت لە نێوان شێلادزێ - دێرەلووک.

-کارکردن لە دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتی بەردەڕەش.

بەڕێزان..

ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ باشترکردنی کەرتی ته‌ندرووستی  گشتیی و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاریی ته‌ندرووستیی بە هاووڵاتییان. هەروەها کاردەکەین بۆ دانانی سیستەمی بیمە و دڵنیایی ته‌ندرووستی  بە پێی پێوەرێک کە گونجاو بێت بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان.

بێگومان باشترکردنی دۆخی ته‌ندرووستی، تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو پێویستە  خێزان و کۆمەڵگە و هاووڵاتییانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی ته‌ندرووستیی گشتیی.

پێویستە دەزگاکانی راگەیاندنیش رۆڵی گرنگیی خۆیان بگێڕن، لە پەرەپێدانی هۆشیاری ته‌ندرووستی  و هاندان و رێنماییکردنی ھاووڵاتیانی خۆشەویست بۆ خۆپارێزیکردن لە بواری خواردن و خواردنەوە و گرنگیی وەرزشکردن و نووستن بە رێکوپێکی و ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە بۆ ھەر گومان و نەخۆشی و حاڵەتێکی ته‌ندرووستی  لە کاتی خۆیدا و بەکارھێنانی داوودەرمان و پێداویستی پزیشکی لە چوارچێوەی رێکارو رێنماییە زانستی و پزیشکییەکان.

هەروەها پابەندبوون بە رێنماییە ته‌ندرووستییەکان و پەیڕەوکردنی شێوازێکی تەندروست لە ژیانی رۆژانەدا، بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی جەستەیەکی تەندروست و لە ژینگەیەکی ته‌ندرووستیشدا بژین.

دووبارە دەستخۆشی لە وەزارەتی ته‌ندرووستی  و رێکخراوی ته‌ندرووستی  جیهانی دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و هیوای سەرکەوتن و ته‌ندرووستییەکی باشتان بۆ دەخوازم.

به‌ڕێزان..

پێم باشه‌ سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌رگرم و باس له‌ نیگه‌رانی هاووڵاتیان له‌ باره‌ی نرخی خواردن بكه‌م، ده‌مه‌وێت به‌ هاووڵاتیان رابگه‌یه‌نم، پێویست ناكات تووشی هیچ دڵه‌ڕاوكێیه‌ك بن و هه‌موو رێكاره‌كانی پێویست گیراونه‌ته‌ به‌ر و پێداویستی سه‌ره‌تایی خواردن له‌ هه‌رێم به‌لای كه‌مه‌وه‌ شه‌ش تا یه‌ك ساڵی داهاتوو ده‌سته‌به‌ره‌ و هیچ جێی نیگه‌رانی نییه‌ و هیچ پێویست ناكات هاووڵاتیان په‌له‌ بكه‌ن له‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خۆی جیا له‌وه‌ی پێشتر چۆنیان كردووه‌، ئه‌م ره‌وشه‌ش له‌ جیهاندا به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕوات و بۆیه‌ جێی نیگه‌رانی نییه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشمان راسپاردووه‌ به‌وه‌ی به‌ وردی چاودێری بازاڕ بكه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ خراپ نرخ به‌كار ده‌هێنن و نرخ زیاد ده‌كه‌ن، رووبه‌ڕووی یاسایان بكه‌نه‌وه‌.

جارێكی دیكه‌ به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ده‌كه‌م و هیوادارم كۆنفرانسه‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بێت.