Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەولەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیشت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەماندا میلینگ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، هێرشی مووشەکی ناڕەوا بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر تاووتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی هێرشەکە پێشیلکارییەکی گەورە و ئاشکرای سەروەری عێراقە.
سەرۆکی حکومەت هەوڵ و هەماهەنگیی بەردەوام و هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕوونکردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتی چەواشەکارانە لە دژی هەرێمی کوردستان و دەرخستنی ڕاستییەکان و رەتکردنەوەی تۆمەتەکان. داواشی لە شانشینی یەکگرتوو کرد کە لەم ڕووەوە پشتیوانی هەولێر و بەغدا بکات.
وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووپاتیکردەوە کە شانشینی یەکگرتوو، پشتگیریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتیوانێکی بەهێزی، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
هەردوولا هاوڕابوون کە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن.