Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی 1991، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بوو لە ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکهاتەکانییەوە، توانرا دەسکەوتی مەزن بەدەست بهێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت.
یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی ڕاپەڕینی 1991 ئەوەبوو ، کە هەرگیز خەڵکی کوردستان، دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێت. لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.
ئەمڕۆش پێویستە هێزو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون.
ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان