Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: جێی شانازییە کە هەموو ئایینەكان لە كوردستان بە ئازادی بەیەكەوە دەژین

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئۆکتۆبەر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فێستیڤاڵی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو .
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ، ئاماژەی بەوە دا کە پێغەمبەری ئیسلام( دروودی خوای لەسەر بێت) لە سەردەمێکدا هات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی نایەكسانی و ستەم و زیندەبەچاڵكردنی ئافرەت ببێتەوە، ڕووبەڕووی ئەوە ببێتەوە كە بەندەی خوا، نەكرێت بە بەندەی كەس، بۆ ئەوە هات یەكسانی بەرپا و پەرە بە دادپەروەری بدات لە جیهاندا. گوتیشی : ئایینی ئیسلام جگە لەوەی كە ئایینی پەرەپێدانی ئەخلاق و بەها بەرزەكانە، پەیوەندیی مرۆڤایەتی و خوای گەورەیە و بۆ خوداپەرستییە، لە هەمانكاتدا بۆ ئەوەیە كە مرۆڤ بەرگری لە بەها ئەخلاقییە بەرزەكان بكات و پەیوەندیی گەلان لەسەر بنەمای بەیەكەوەژیان و خۆشەویستی دروست بكرێت.

سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا هەروەها گوتی : جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ دەبینین ئێمە لە كوردستان پەیڕەوی ئەو بەها پیرۆزانەین كە هەموو ئایینەكان لە كوردستاندا بە ئازادی بەیەكەوە دەژین و خوداپەرستی بە هەموو جۆرێك و لە هەموو ئایینێكەوە لە كوردستاندا ڕێگەی پێدراوە کە جێی شانازییە بۆ هەر هەموومان.
سەرۆکی حکومەت داوای لە مامۆستایانی ئایینی کرد كە لە ڕێگەی ئامۆژگارییەكانی خۆیان ڕێگە بگرن لەوەی دینی پیرۆزی ئیسلام یان هەر ئایینێك، بۆ بەرژەوەندیی شەخسی تاك، يان گرووپ و مەرام و ئەجێندایەكی سیاسی بەكار بێت، چونکە ئایین بۆ ئەوەیە مرۆڤ لەگەڵ خوای خۆی ڕاستگۆ بێت، هەروەها پەیوەندییەكی تەندروستی لەگەڵ هەموو هاووڵاتیان و هاونیشتمانیانی تر هەبێت.
پاشان سەرۆکی حکومەت ڕێزی لە ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلام گرت و خەڵاتی پێشکەش کردن.