Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە شاری هەولێر، ڕێورەسمی کۆنفرانسی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوە چوو.

لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە  پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ، بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری پاراستن و داکۆکیکردن لە بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی ئازادیی و دیموکراسی و نەهێشتنی توندوتیژی و توندڕۆیی و دەمارگیری و جیاکاری ڕەگەزی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتە :

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان:

خوشك و برایانی بەڕێز:

ئامادەبووانی خۆشەویست:

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە گەڵ ئێوەی بەڕێز لەم ڕێورەسمەدا بەشدارم بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ.

ئەم پلانە، نەخشەڕێگایەکی گشتگیرە کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندکراوە لە پێناو برەودانی زیاتر بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا لە هەموو بوارەکاندا.

پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ، بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری پاراستن و داکۆکیکردن لە بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی ئازادیی و دیموکراسی و نەهێشتنی توندوتیژی و توندڕۆیی و دەمارگیری و جیاکاری ڕەگەزی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی.

لەم بۆنەیەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و پاراستنی ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان و بەرگریکردن لە بەها دیموکراسییەکان دووپات دەکەینەوە.

بەڕێزان:

ئێمە پلانێکی چاکسازی هەمەلایەنەمان هەیە و دەمانەوێت و ئومێدەوارین، پشت بەخوا و خەڵکی کوردستان و دۆستانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەربەست و ئاستەنگەکان تێپەڕێنین و بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتری حوکمڕانی، هەنگاو بنێین کە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پاراستنی مافەکانیان، سەنتەری گرنگیپێدان و ئامانجی لە پێشینەی حکومەت بێت.

پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم. ئەم پلانە، بە وردی داڕێژراوە و ڕا و بۆچوونی  دەسەڵاتەکانی دادوەری، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی)، کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراوە و ئاژانسە ناحکومییەکان و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێم، وەرگیراوە و ئێستا لە جێبەجێکردندایە . هیوادارام ناوەڕۆکی پلانەکە، لە کایە جیاجیاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە باشی جێبەجێ بکرێت و ڕەنگدانەوەی گرنگیی لە پەرەپێدانی حوکمڕانییەکی باش و سەروەری یاسا و کولتووری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم هەبێت. 

جێی خۆشحاڵیشە کە بەشێکی زۆری ئەو ڕاسپاردانەی لەو پلانەدا هاتوون، لە ساڵانی رابردوودا، وەک یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوی کرداری لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە بە بەراورد بە زۆر وڵاتان، هەرێمی کوردستان لە  ئاستێکی بەرزدایە، بەتایبەتی لە بوارەکانی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، یاسای پاراستنی مافەکانی منداڵان و یاسای ڕۆژنامەگەریی و چەندین یاسای دیکە.

بۆیە هەرێمی كوردستان ، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و دەستوور و یاسا و ڕێسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ، کار دەکات بۆ پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ .

لە لایەکی دیکەوە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان،  هەنگاوی زۆری ناوە بۆ سووککردنی ئازارەکانی کەسوکاری قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش و هەروەها رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە ئازادکردنی رفێندراوانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر لە دەست تیرۆریستانی داعش و بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جەنگ. بۆ ئەم مەبەستە،  حکومەتی هەرێم بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، پرۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمان کرد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە سەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان، بەڵام بەداخەوە دادگای باڵای بەناو ئیتیحادی عێراق، پرۆژە یاساکەی ڕەت کردەوە کە ئەمەش پێشینەیەکی نوێ و جێی سەرسوڕمان بوو کە ڕێگە لە دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش بگیرێت. 

پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، داڕشتنی میکانیزمێکە بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی یاسا بەرکارەکان و گونجاندنیان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها سەبارەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش، ژینگەیەکی باش ڕەخساوە بۆ پاراستنی مافەکانیان و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکانیان.

حکومەتی هەرێم نموونەیەکی سەرکەوتووە لە برەودان بە دیموکراسی و داکۆکیکردن لە بەها دیموکراتییەکان، لەوانەش مافی ئازادی ڕادەربڕین. هەروەها پابەندە بە سیستەمێکی پتەوی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری، هاوکات کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کارا و چالاکیش لە هەرێمی کوردستان هەیە کە وەک چاودێر رۆڵی خۆیان دەگێڕن، ئەمە جیا لە بوونی چەندین ڕێکخراو و ئاژانس و دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە بەشدارن لە چاودێریکردن و بەرەو پێشبردنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە گرتووخانە و خانە چاکسازییەکان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی پابەندە بە حوکمی یاسا و هەبوونی  دەسەڵاتی دادوەریی  بێلایەن، هەروەها پاراستن و پەرەپێدانی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمە. لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێم کار لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش ئازادی ڕاگەیاندن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێممان ڕاسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی پلانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان. هاوکات دەبێت لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئاگادارمان بکەنەوە، چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی پلانەکە، دیاریکردنی کەموکوڕییەکان و پێشنیازکردنی چارەسەری گونجاوە بۆ نەهێشتنیان.

لێرەوە دەستخۆشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکەم بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەم ئەرکە، هاوکات ڕێز و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و دەستە سەربەخۆکان دەکەم بۆ بەشداربوونیان لە جێبەجێکردنی پلانەکە. ڕۆڵی ڕێکخراو و ئاژانسە ناوخۆیی و بیانییەکانیش لە پڕۆسەی ڕاوێژکردن بەرزدەنرخێنین.

 

ئیتر هەر شاد و سەرکەوتووبن