Skip to the content

سەرۆکى حکومەت: خزمەتکردنی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان گەورەترین شانازییە

 هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئەیلوول، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی رێکخرابوو لە شاری دهۆک، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک قۆناخی یەکەم ، 368 یەکەی نیشتەجێبوون ( شوققە)ی بە سەر بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی کوردستان دابەش کرد کە کۆی گشتی چوارسەد و بیست یەکەی نیشتەجێبوونە.
لە ڕێورەسمەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد و گوتی: باوکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێمە جەنابی بارزانی نەمر، هەموو ژیانی بۆ خزمەتی گەلی خۆی و ئازادی گەلان تەرخانکرد، ئێمەش وەك وەفادارییەك بۆ پاداشت و خزمەتی جەنابی ئەو و کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی هەژار، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی دەزگاکە دامەزرێندرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئێستا سەربەرزین کە دەبینین ئەم دەزگایە، بووەتە جێگەی باوەڕی خەڵکی ئێمە، لە ناوخۆ و پارێزگاکانی عێراقی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. دەزگای خێرخوازی بارزانی لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە فەرمی ناسێندراوە و، رێکخراوە بیانییەکانیش هاوکاری دەزگاکە دەکەن بۆ خزمەتکردنی ئامانجە پیرۆزەکانی.
مەسرور بارزانی هەروەها سوپاسی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، سەرمایەدار و بارزگانانی هەرێمی کوردستان و هەموو ڕێکخراو و کەس ولایەنانەی کرد، کە بەردەوام پشتیوانیی لە دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەن.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارەکەیدا گوتیشی ” جێی سەربەرزیە کە ئەمڕۆ لێرە خزمەتی ژمارەیەك لە ماڵی شەهیدان دەکەین، دەزگای خێرخوازی بارزانی بەردەوامە لە خزمەتکردنی ماڵی شەهید و خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، نەك تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە دەرەوەش بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەك بکات، دەستی هاوکاری بۆ کەسانی لێوقەوماو و هەژار درێژ دەکات.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە هەموو قەرزاری شەهیدەکانمانین و خزمەتکردنی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانیش گەورەترین شانازییە و ئامانجمان ئەوەیە هەموو کەسوکاری شەهیدان ببنە خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوون و کەسیان کرێچی نەبن و ئەم پڕۆژانە لە شوێنەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجام دەدرێن.