Skip to the content

سەرۆکی حکومەت سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری دەکات و داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەت بە فەرمی دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری( DIT )ی حکومەتی کرد و لە لایەن سەرۆکی فەرمانگە هیوا ئەفەندی پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی حکومەت، دوای ئەوەی بەشەکانی فەرمانگەکەی بەسەرکردەوە، بۆ یەکەمجار داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەتی بە فەرمی کردەوە، کە ناوەندێکی گرنگیی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی حکومەت و هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمێکی زانیارییە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو و پارێزراو کار دەکات و یارمەتییەکی زۆری دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات تا بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای دەستخۆشی کردن لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، بۆ کارامەیی و ئاستی بەرزی پێشکەوتووی فەرمانگەکەیان، دووپاتیشی کردەوە ، کە بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم کە دەبێتە هۆی برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێراتر و باشتر.
سەرۆکی حکومەت گوتی، شانازی بەوە دەکەین کە خاوەنی سەنتەرێکی زانیاری پێشکەوتووی لەوجۆرەین و جێی خۆشحاڵییە، کە کارمەندان و ئەندازایاران و شارەزیانی بواری ئایتی ئەم فەرمانگەیە، دەرچووی زانکۆکانی کوردستانن و توانیویانە، ئەم سەنتەرە پێشکەوتووە دابمەزرێنن و بەڕێوەی ببەن.
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم سەنتەرە، یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆسەی چاکسازی و هاوکارییەکی زۆری دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و هاووڵاتییان بە گشتی دەکات و لە داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبینین.