Skip to the content

سەرۆکی حکومەت قوتابییە یەکەمەکانی دوازدەی ئامادەیی خەڵات دەکات

سەرۆکی حکومەت :

داواتان لێدەکەم كەسی هوشیار و داهێنەر و نیشتمانپەروەر و ژینگەدۆست بن و ڕێز لە یەکتر و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بگرن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە قوتابییە یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک لە گوتارێكدا جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێک بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندن دەدەین، چونکە بەرزکردنەوەی ئاستی کەرتی پەروەردە بەشێکە لە چاکسازییەکان.داواشی لە قوتابییە یەکەمەکان كرد ببنه‌ کەسانی داهێنەر.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ھانی قوتابیانیدا، ڕێزگرتن لەیەكتر و له‌ پێكھاتە  نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانی ھەرێمی كوردستان بكەن بە بنەمای ژیانیان .

ئەمەش دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانییە

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی هێژا
كەسوكاری قوتابیانی دەرچوو
قوتابیانی دەرچووی سەركەوتوو


هەمووتان بەخێر بێن، خۆم زۆر بەختەوەر و خۆشحاڵ دەزانم كە ئەمڕۆ لەم ئاهەنگەدا لەگەڵ ئێوە ئامادەم بۆ ڕێزلێنان و بەخشینی خەڵاتی سەركەوتنی ئەم گەنجە خۆشەویستانە كە زۆر سەركەوتووانە ئەم قۆناغەی خوێندنیان تەواو كرد و هەنگاو بەرەو قۆناغێكی تری خوێندن و ژیانی پیشەییان دەنێن. دەستخۆشییان لێ دەكەم و پیرۆزباییان لێ دەكەم.

بێگومان ئەمە دەبێ هەستێكی زۆر خۆش بێت كە ئێوە لەبەردەم هەموو كوردستاندا ئێستا وەستاون و ڕێزتان لێ دەگیرێت، ئەمە بەرهەمی ماندووبوون و شەونخوونی و زەحمەتیی ئێوەیە. پیرۆزبێ لێتان، دەستخۆشیتان لێ دەكەم. هەروەها سوپاسی دایك و باوك و كەسوكار و مامۆستا بەڕێزەكانتان دەكەم كە یارمەتییان دان و ئەم دەرفەتەیان بۆ ڕەخساندن كە ئێوە بتوانن لەم قۆناغەی ژیانتاندا سەركەوتوو بن، بەڵام لە سەرووی هەمووانەوە، ماندووبوون و شەونخوونیی ئێوە بووە كە وایكرد ئێوە ئەم قۆناغە بەم شێوەیە و بەم نمرە بەرزانە و بەم سەركەوتووییە تەواو بكەن. جێی دەستخۆشییە، جێی شانازییە، جێی شانازیی هەموومانە و ئیشەڵا لە هەموو قۆناغەكانی ژیانی داهاتووی ئێوەشدا، هەر سەركەوتوو دەبن.

دەزانم كە دوای ئەم قۆناغە، هەنگاو دەنێن بۆ چوونە زانكۆ، هیوادارم هەمووتان بتوانن لەم زانكۆ و كۆلێژانە بخوێنن كە ئارەزووتانە، بۆ ئەوەی بتوانن لەو بەشەی داهاتووی ژیانی پیشەییتان لە خوێندن، دیسان سەركەوتوو بن و ببن بە كەسێكی كاریگەر بۆ كەسوكارەكانتان و بۆ كۆمەڵگە و بۆ وڵاتەكەتان. ئینشائەڵڵا هەمیشە هەر سەركەوتوو دەبن.

من دەزانم ئەم دوو ساڵەی ڕابردوو قۆناغێكی سەخت و ناخۆش بوو، بە تایبەتی كە پەتای كۆرۆنا هەبوو، هەندێك جار ڕەنگە نەتانتوانیبێت ڕاستەوخۆ بچن بەشداری لە خوێندن بكەن، بەڵكو بە شێوەی ئۆنلاین یانیش بە سەختی توانیوتانە ئەم دوو ساڵە تێپەڕێنن، بەڵام دیسانیش هەر بە ماندووبوونی خۆتان، توانیتان ئەم دەستكەوتە گەورەیە بەدەست بهێنن. ئەمە فێرتان دەكات كە لە قۆناغەکانی ژیان، ئەگەر تووشی سەختیش بن، ئێوە دەتوانن بە متمانەبوون بە خۆتان، بتوانن ئەو قۆناغە سەختەی ژیانیشتان تێپەڕێنن.

ئێمە كەموكوڕیمان لە ژمارەی قوتابخانەكان و دابینكردنی پێداویستی بۆ ئەو قوتابخانانە هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هەموو هەوڵێك دەدەین، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تری حكوومەت، بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستیی بۆ دابینكردنی ژینگە و خوێندنێكی باشتر بۆ قوتابییەكانمان دابین بكەین. داوامان كردووە كە كەرتی تایبەتیش یارمەتیمان بدات لە دروستكردنی قوتابخانەی نوێ، حكوومەتیش بڕە بودجەی كە توانیبێت و لە دەستی هاتبێت، تەرخانی کردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی هەندێك لەو قوتابخانانەی كە دەزانم زۆر گونجاو نەبوون، بەڵام بەردەوام دەبین لەوەی بتوانین یارمەتیی زیاتری كەرتی پەروەردە بدەین، ئەمەش بەشێكە لە بەرنامەكانی حكوومەت كە كەرتی پەروەردە بگەیەنینە ئاستێك كە لە ئاستی ئێوەی خۆشەویستدا بێت.

ئێوە شایستەی هەموو خزمەتكردنێكن، سەرەڕای ئەو كەموكوڕییانەی هەمانە، هەوڵمانداوە درێغی نەكەین، بەڵام هیوادارین بە باشتربوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ئێمە زیاتر گرنگی بە كەرتی پەروەردە بدەین و قوتابخانەی زیاتر دروست بكەین و ئەو پێداویستییانەی كە پێویستن بۆ ڕاهێنانی قوتابیان و تەنانەت مامۆستایانیش، ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ دابینكردنیان.

لەم قۆناغەی ژیانی ئێوە، فێری زۆر شت بوون لە مامۆستا و كەسوكار و ژینگەتان، بەڵام دڵنیام كە هەستتان بە كەلتوورێكی فرەڕەنگ كردووە كە هەموومان لە كوردستان شانازی پێوە دەكەین، ئەویش ڕێزگرتنە لە یەكتر و ئایین و نەتەوە جیاوازەكان، كە بەیەکەوە لەم وڵاتە دەژین. دڵنیام ئێوەش درێژە پێدەری ئەم كەلتوورە دەبن و زیاتر ڕێز لە یەكتر و ئایین و نەتەوەكانی دیكەی كوردستان دەگرن.

ئێوە بەرەو قۆناغێكی تری ژیان هەنگاو دەنێن، كە دواتر ڕێچكەی ژیانتان دەستنیشان دەكات. لە سەرووی هەموو ئەوانەوە، داوام لێتان ئەوەیە، چۆن لەم قۆناغە خۆتان ماندوو كردووە، لە قۆناغی داهاتووشدا، خۆتان ماندوو بكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن، كەسی هۆشیار و داهێنەر و نیشتمانپەروەر و ژینگەدۆست بن و پاكوخاوێنیی وڵاتەكەتان بپارێزن و بتوانن هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەتان و ئاییندەی وڵاتەكەتان بەرەو قۆناغێكی سەركەوتووتر ببەن. ئێمە هەموومان چاومان لێتانە و شانازیتان پێوە دەكەین.

پێش ئەوەی بێم بۆ ئێرە، من بەشداربووم لە ئاهەنگی واژۆكردنی يادداشتی لێكتێگەشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا. لەوێ پێمگوتن كە بۆنەیەك هەیە و من دەبێ بڕۆم بۆ ئەوەی ڕێز لەو قوتابییە سەركەوتوانە بگرین كە لە هەرێمی كوردستاندا توانیویانە پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست بهێنن. ئەو بەڕێزانەی لەوێ بەشدار بوون، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا و باڵوێزی ئەمریكا و هەموو ئەو بەڕێزانەی لەوێ بوون، داوایان لێكردم سڵاویان بە ئێوە بگەیەنم و پێتان بڵێم كە ئێمە چاومان لێتانە و چاومان لە ئاییندەیەكی گەشتری ئەم وڵاتەیە بەهۆی بوونی ئێوەوە. ئەمە جێی شانازییە كە خەڵكێك ئەم دانپێدانانە بدات و بزانێت كە كوردستان رۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناكتر هەنگاو دەنێت. من گومانم لەوەدا نییە كە بە بوونی ئێوە، وڵاتی ئێمە لە دەستێكی ئەمیندا دەبێت، وڵاتی ئێمە ئاسۆیەكی ڕووناكتری دەبێ. دڵنیام دوای تەواوكردنی زانكۆش، ئێوە بگەڕێنەوە بۆ كۆمەڵگە و كاری رۆژانەتان، زیاتر بتوانن كوردستان ئاوەدان بكەنەوە.

من زیاتر لەوە كات لە ئێوە ناگرم، جارێكیتر دەستخۆشیتان لێ دەكەم. زۆر خۆشحاڵم كە قوتابییە سەركەوتووەكانی كەركووكیش لێرە ئامادەن، ئەمە هەروەك وەزیری پەروەردەش باسی كرد، یەكێك لە هۆكارەكانی دواخستنی ئەم ئاهەنگە بووە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵمان بەشداربن. بەڵام شانازی دەكەین، هەر هەموومان لە هەموو بەشێكی كوردستان، كە لەم لەم ئاهەنگەدا بەشدارین. جێی شانازی ئێمە. جارێكی دیكە سەركەوتوو بن، دەستخۆشیتان لێ دەكەم و پیرۆزباییتان لێ دەکەم.