Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لە گەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 27 ی ئەیلوول ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری زاخۆ، لە گەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەت سوپاسی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ناوچەکەی کرد کە هاوکارن لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ وستراتیجی لە سنووری دەڤەرەکە. جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران،چونکە حکومەت و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکترن لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان .
دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە پرۆسەی وەبەرهێنان بە پێی پلان و پێداویستیی خەڵکی دەڤەرەکە بێت.
لە کۆتاییدا ئامادەبووان پێزانینی خۆیان بۆ کارئاسانی و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەشیان بۆ برەودان بە پرۆسەی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان خستەڕوو.