Skip to the content

سەرۆکی حکومەت : پێویستە زانکۆکانمان ناوەندێکی گرنگی داهێنان و پێشکەوتن و گۆڕانکاری بن لە کۆمەڵگەدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29 ی ئەیلوول، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی قوتابیيانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌ هه‌ولێر كرد.

سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا، وێڕای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان، سوپاسی مامۆستایانی زانکۆی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە فێرکردن و پێگەیاندنی قوتابییان بە سەرکەوتوویی، هەروەها دەستخۆشیشی لە دایک و باوک و کەسوکاری قوتابییان کرد بۆ ئەرک کێشان و بەرپرسیاریەتییان لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانیان و هاوکاریکردنیان لە تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندن .

سەرۆکی حکومەت هەروەها پیرۆزبایی لە دەرچووانی زانکۆی کاتۆلیکی لە هەولێر کرد کە هاوکات ئەوانیش ئەمڕۆ ئاهەنگیی دەرچوونیان هەیە. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ مامۆستایانی ئەو زانکۆیە دەربڕی.

سەرۆکی حکومەت هەروەها یادی هەردوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین د. کاوان ئیسماعیل و د.ئیدریس حەمەخانی کردەوە و گوتی پێویستە یادی ئەو دوو مامۆستایە شەهیدەی زانکۆی سەلاحەددین بەرز ڕابگرین.

سەرۆکی حکومەت ، ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی زانکۆی سەلاحەددین کرد و گوتی زانکۆی سەلاحەددین یەکێکە لە زانکۆ کۆن و دێرینەکانی کوردستان و زۆجاریش بە زانکۆی دایک ناودەبرێت، چونکە بنەما و سەرچاوەی دروستبوونی چەندین زانکۆی دیکە بووە لە هەرێمی کوردستان. تا ئێستاش دەیان هەزار قوتابی لەم زانکۆیە، خوێندنیان تەواو کردووە کە بەشێکی بەرچاویان ئەمڕۆ لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەت دەکەن و بەرپرسیاریەتی گرنگیشیان پێ سپێردراوە . بۆیە دەتوانین بڵێین، زانکۆی سەلاحەددین، ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی هەرێمی کوردستان هەبووە لە دوای ڕاپەڕینی شکۆداری 1991. هەربۆیە ئەم زانکۆیە، هەمیشە و بەردەوام جێگەی گرنگیپێدان و بایەخی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بووە کە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە، لە بارودۆخی سەختی ئابووری ئەوکاتدا ، جەنابی سەرۆک، بە هەموو شێوەیەک، پشتیوانی زانکۆی سەلاحەددینی کرد بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەکانمان. هەروەها مامۆستایانیش هەموو هەوڵێکیان دا نەهێڵن زانکۆ لە پەروەردەکردنی قوتابییان بوەستێت.

سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، هەروەها گوتی لە ساڵانی ڕابردوودا ، خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، گەشەکردنێکی بەرچاوی کردووە و ئێستا دەیان زانکۆ لە هەرێمی کوردستان هەن. کە بێگومان هەر یەکەیان، بە پێی توانا و ئاست و پسپۆڕی خۆیان، ڕۆڵیان هەبووە لە پێشخستنی کەرتی خوێندن و گەشەپێدانی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا. بەڵام لە هەمانکاتدا، دەزانم کە گرفتی زۆریش لە زانکۆکاندا هەن و زۆجارپێداویستی زانکۆکان لە بەردەست مامۆستا و قوتابیییاندا نییە و دەشزانم ژیانی مامۆستایان ژیانێکی سەخت بووە ،سەرەڕای ئەوەش قوتابییان لە دوو ساڵی ڕابردوو بە هۆی پەتای کۆڕۆنا و قەیرانی ئابووری، زەحمەتێکی زۆریان بینیوە بەڵام هەم قوتابییان بە ماندووبوون و شەونخوونی خۆیان و هەم مامۆستایانیش،بە پەروەردەکردن و لەخۆبووردن ،   توانيان کە ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتووی تەواو بکەن. مە سوپاسی مامۆستایان دەکەم و دەستخۆشی لە قوتابییان دەکەن.

دڵنیاتان دەکەمەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو هێز و توانای خۆی هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی یارمەتی زانکۆکانمان بدات کە  پێویستیان بە پەرەپێدان وپێشکەوتنی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێشبڕکێ لە گەڵ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ناوچەکە و جیهان بکەن و لە ئاست پێشکەوتنە زانستی وتەکنەلۆجییەکانی ئەم سەردەمەدا بن. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆمان دەخەینەگەڕ، بۆ چاکسازیکردن و یارمەتیدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی زیاتری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی زانکۆکانمان، تەنیا شوێنی بەخشینی بڕوانامە و کارگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی بڕوانامەدار نەبن، بەڵکو  دەزگا و ناوەندێکی گرنگی داهێنان و پێشکەوتن و گۆڕانکاری بن لە کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی بتوانن نەوەیەکی هوشیار و نیشتمانپەروەر و مرۆڤ دۆشت و ژینگەپارێز بن .

سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە له‌ ماوه‌ی رابردوو، به‌ بیانووی جیاجیا و بێ پاساو په‌لاماری وڵاته‌كه‌مان دەدرێت و سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌مان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان پێشێل ده‌كرێت، ئێمه‌ وه‌ڵامی ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ خۆمان و وڵاته‌كه‌مان به‌هێز بكه‌ین، تا ئێوه‌ زیاتر بتوانن به‌ زانست و خۆشه‌ویستنی وڵات به‌هێزتر بكه‌ن، وڵاتێكی به‌هێزترمان ده‌بێت و ده‌توانین رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ ببینه‌وه‌ كه‌ دێنه‌ سه‌ر رێگه‌مان.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و په‌لامارانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر خاكه‌كه‌مان چاره‌سه‌ری هیچ گرفتێك ناكه‌ن، ئێمه‌ گه‌لێكی ئاشتیخوازین، نامانه‌وێت كێشه‌ بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێ دروست بكه‌ین، په‌یامی ئێمه‌ په‌یامی ئاشتیی و ئازادیی و ڕێزگرتنه‌ له‌ یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای رێزی به‌رامبه‌ر.

دووپاتیشیكرده‌وه‌ کە ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت وڵاته‌كه‌مان پێشبخه‌ین و بژین، ئه‌وانه‌ی یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن سوپاسیان ده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌ش نایانه‌وێت یارمه‌تیمان بده‌ن، با له‌مپه‌ر له‌سه‌ر ڕێگه‌مان درووست نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ بژین و پێشكه‌وین و وڵاتمان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه‌ و نه‌وه‌كانمان به‌ چه‌كی زانست به‌هێز بكه‌ین و به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌شتر هه‌نگاو بنێین.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئێمه‌ سه‌ركۆنه‌ی هه‌موو ئه‌و په‌لامار و ده‌ستدرێژیانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌رمان، داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌ین، كه‌ سنوورێك بۆ ئه‌و په‌لامار و ده‌ستدرێژیانه‌ دابنێن.