Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ( کوردستان ) لەلایەن ڕەوانشاد میر میقداد مەدحەت بەردخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، گەرمترین پیرۆبایی لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانە و
لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، کار و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن.
هیوادارم رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و جێی هیوای هەموو كوردستانیان.
ئومێدەوارم ئامانجی سەرەكیی میدیاكارانی كوردستان، گەیاندنی ڕاستی و زانیاری باوەڕپێکراو و هاوسەنگ و خزمەتكردنی خەڵك و هاووڵاتیانی كوردستان و بەرگریکردن بێت لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕۆیی و هاندانی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان .
لەم یادەدا بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو ئەو ڕۆژنامەونووس و نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کوردستان دەکەینەوە کە بە بیر و بەرهەمەکانیان ، خزمەتێکی زۆری زمان و ڕۆشنبیریی کوردیی و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانیان کرد و گیانیان لەم پێناوەدا بەخت کرد.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان