Skip to the content

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدرال بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی واژۆکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەردەمێکی نوێی هاوکاریی بەهێز و بەردەوام لە نێوان هەولێر و بەغدا.

لە کۆبوونەوەکەماندا لە بەغدا، سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتیەکەی و ڕۆڵە سەرەکییەکەی لە نوێبوونەوەی هاوکاری لە نێوانماندا. ئەم رێککەوتنە، خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو وڵات دەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەردوولامان هاوڕاین کە ئێستا چوارچێوەیەکمان هەیە بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ، هەروەها دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆکان لەسەر یاسایەکی نوێی فیدراڵی تایبەت بە نەوت و گاز دەست پێبکەن.

کێشە و ئاستەنگەکانی ئەم دواییانەی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی بە کۆی وڵات گەیاندووە. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە، دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتی زۆر پێویست دەستەبەر بکات. هەڵوێستی ئێمه هەمیشه کارکردن بووه لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک که لە چوارچێوەی دەستووردا، ڕێز له مافەکانمان بگیرێت. بێگومان ڕۆڵی دیار و گرنگی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هێزێکی تایبەت بەم ڕێککەوتنە دەبەخشێت.

لە ئەمڕۆوە، پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبێت و دەتوانین دەست بە سەردەمێکی نوێی متمانە و هاوکاری بکەین. هەروەک بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ ڕایگەیاند، ئێستا دەبێت جەختمان لەسەر فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر بێت بە شێوەیەک ، کە سوودی بۆ هەموو گەلی عێراق هەبێت.
سوپاسی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم بۆ ڕۆڵی گرنگی و پشتیوانی بەردەوامی، هەروەها سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ پاڵپشتیکردنی. سوپاسی شاندی تەکنیکی هەردوولاش دەکەم بۆ ئەرک و ماندووبوونیان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، كە بە شێوەیەکی زۆر چڕ کاریان کرد بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بە ئەنجام بگەیەنن و هیوادارم لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراقدا بێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/4/4