Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان کارکردنی یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی ڕادەگەینێت

سەرۆکی حکومەت :
ڤیزای ئەلیکترۆنی یەکێکە لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی ئەم کابینەیە، کە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسانکارییە بۆ کار و بازرگانی لە کوردستاندا. هەندێکیان لە چەند مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن.


ئەمڕۆ چوارشەممە 2/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کارکردنی یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە بەشێکی لە کارنامەی حکومەت لە بواری بەدیجتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2025 تەواو ببێت.
بەم بۆنەیە، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، تەکنەلۆژیا و داتاکانی ئەم خزمەتگوزارییانە، ئاسانکاری دەکەن بۆ بەردەستخستنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی زیاتر کە ڕێگە خۆشکەرن بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانمان، هەروەها یارمەتیدەر دەبن لە دروستکردنی دەرفەتی بازرگانی نوێ لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان .
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوە دا کە ڤیزای ئەلیکترۆنی یەکێکە لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی ئەم کابینەیە، کە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسانکارییە بۆ کار و بازرگانی لە کوردستاندا. هەندێکیان لە چەند مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن.
سەرۆکی حکومەت هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد کە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیاندایە و پابەندن بە کارنامەی وەرچەرخانی دیجیتاڵییەوە.
پۆرتاڵە ئه‌لیكترۆنییه‌ نوێیەکە ( e-Visa Portal (gov.krd) ) ڕێگا بە سەردانکەران و وەبەرهێنەران دەدات کە بە شێوەی ئۆنلاین داوای ڤیزا بکەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار و وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان. هاوکات لەگەڵ ڤیزای ئەلیکترۆنیدا، چەندین سیستەمی دیکە بۆ باشترکردنی ئاسایشی سنوورەکان پەرەیان پێدراوە.