Skip to the content

سەرۆکی حکومەت جێبەجێکردنی پڕۆژەی (هەژماری من) لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری هەولێر بەسەر دەکاتەوە

سەرۆکی حکومەت :
هیوامان وایە لە ماوەی دوو ساڵدا هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكوومەت بتوانن سوود لەو پرۆژەیە وەربگرن


ئەمڕۆ سێشەممە 3/7 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر سەردانی ( نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری) لە شاری هەولێر کرد کە یەکێکە لەو شوێنانەی کە پڕۆژەی ( هەژماری من) و پارەدانی دیجیتاڵی تێدا جێبەجێ کراوە.
سەرۆکی حکومەتی دوای ئەوەی بەشەکانی نەخۆشخانەکە و پرۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ( هەژماری من)ی لەو شوێنانە بەسەر کردەوە کە بەرنامەیەکی گشتگیریی داراییە بە ئامانجی دابینکردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاو بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی کەرتی گشتیی بۆ دەست گەیشتن بە مووچەکانیان، لە گوتەیەکدا هیوای خواست کە لە ماوەی دوو ساڵدا هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكوومەت، بتوانن سوود لەو پرۆژەیە وەربگرن.

ئەمەش دەقی گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
من زۆر زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون دەكەین لێرە لە هەولێر. ئەم شوێنە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی ئەم نەخۆشخانەیە وەك (پایلۆت پرۆجێكت-پڕۆژەی تاقیکاری) لە پڕۆژەی (هەژماری من) بەشدار بن كە ژمارەیان 850 كەس بوو. پێشتریش ئێمە ڕامانگەیاند كە پڕۆژەی (هەژماری من) لێرەوە دەست پێ دەكات، بەڵام هیوامان وایە لە ماوەی دوو ساڵدا بتوانین هەموو فەرمانبەرانی حكوومەت و هەموو مووچەخۆرانی حكوومەت بتوانن سوود لەو پرۆژەیە وەربگرن و بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی بتوانن مامەڵە بە سیستەمی بانكی و وەرگرتنی مووچە و بەكارهێنانی مووچەكانیان بكەن بۆ كڕین و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە بانك پێشكەشیان دەكات.
ئەمە سیستەمێكە لە زۆر لە وڵاتانی پێشكەوتوو چەندین ساڵە هەیە، بەداخەوە لەبەر نەبوونی ژێرخانی ئابووری كە لە هەرێمدا نەبووە، ئێمە هەستمان كرد كە پێویستە ئێمە ئەو ژێرخانە دروست بكەین كە بێگومان دوای ئەمە، هەنگاوی تریش بەڕێوەیە كە ئەمانە خزمەتێكی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێراتر و لەوانەیە ئاسانتریش پێشكەش بكەن.
هیوام وایە ئێمە لەم ماوەیە بتوانین لەگەڵ كەرتی تایبەتیش كارێكی وا بكەین هەموو بەیەكەوە ئەم خزمەتگوزارییە بكەین بە خزمەتگوزارییەكی گشتگیر، بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بە فەرمانبەر و كەرتی تایبەتیشەوە سوودمەند بن لێی.
دەمەوێ ئەوە باس بكەم كە بەكارهێنانی ئەم كارتە تەنیا بۆ ڕاكێشانی مووچە نییە، بەڵكوو بۆ بەكارهێنانی كارتە تاوەكوو لە شوێنەكانی تریش بتوانن كارەكانی خۆیانی پێ بكەن، بچنە سوپەرماركێتێك و بتوانن كاڵای پێ بكڕن. لەبەر ئەوە حكوومەتی هەرێم خەریكی ئەوەیە كە ئامێری خوێندنەوەی كارتەكان لە هەموو كوردستان دابین بكات، ئەمەش ماوەیەكی دەوێت و پێویستیمان بە خزمەتگوزاریی چەندین بانكی دیكەش هەیە.
من دەمەوێ سوپاسی هەردوو بانكی ئاڕتی و جیهان بكەم كە ئامادەكارییان هەبوو و ئامادەبوون لەم پرۆژەیەدا وەكوو سەرەتا بەشدار بن كە دواتر پرۆژەكە كراوەیە بۆ بەشداریكردنی بانكەكانی تریش لە هەرێمی كوردستان. هەر لایەنێك توانای ئەوەی هەبێت بتوانێ لەم پرۆژەیەدا بەشدار بێت.
من لەم ماوەیەدا لەگەڵ سەرۆكی بانكی ناوەندیی عێراق قسەم كردووە، ئەوانیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەم پڕۆژەیە نیشان داوە. پێشتریش من لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی باسی ئەوەم كرد كە ئێمە بە تەمای ئەوەین سیستەمی بانكی و سیستەمی خزمەتگوزاری بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی پێش بخەین، ئەمەش پشتگیرییەكی زۆری وڵاتان و ئەو كەسانەی كە گرنگی بە پەیوەندی دەدەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕاكێشا، ئامادەیی ئەوەیان هەیە ئێمە لە داهاتوودا بتوانین وەكوو هاوبەش ئەو پەیوەندییە بانكییە لەگەڵ وڵاتان و بانكەكانی نێودەوڵەتیش دروست بكەین.
من دەمەوێ ئەوە بە هاووڵاتیان بڵێم كە بانكەكان دەتوانن زۆر خزمەتی تر پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن لە دانی قەرزە، لەو خزمەتگوزارییانەی كە بانكەكان دەتوانن پێشكەشی بكەن، هاووڵاتیان دەتوانن سوودمەند بن لێی، ئەوەی حكوومەت پێویست بووە بیكات، دروستكردنی پرۆژە و دروستكردنی متمانە و گەرەنتیكردنی مافی هاووڵاتی و پاڵپشتیكردنی ئەم سیستەمەیە لە بانكەكانیش. دواتر ئەم پەیوەندییە لە نێوان هاووڵاتیان و خودی بانكەكان دەمێنێتەوە كە دەتوانن چەند پەرەی پێ بدەن.
من دەمەوێ جارێكی تر هەم سوپاسی ئێوە بكەم بۆ ئەوەی كە قەبووڵتان كرد كە ببن بە یەكەم بەشداری ئەم پرۆژەیە، سوپاسیشتان بكەم كە ڕێگەتان دام بێم سەردانی ئێوە بكەم، سوپاسی بانكەكانیش دەكەم بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژەیە. هیوادارم ئینشائەڵا هاووڵاتیان بتوانن لەمەودوا سوودمەند بن لەم خزمەتگوزارییە.