Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی قوتابییانی ئەکادیمیای دیپلوماتی ڤیەننا دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 3/13 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی قوتابییانی ئەکادیمیای دیپلوماتی ڤییەنا کرد.
شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا، کە ئەمە شەشەمین شاندی قوتابییانی ئەکادیمیاکەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.شاندەکە ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانیان کرد.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبوواندا، باسی لە دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بوارەکانی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی پارەدانی دیجیتاڵی .
لە بەشێکی دیکەی وەڵام و ڕوونکردنەوەکانیدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژە بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرد.