Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ لیژنەی دارایيی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارايیی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، ئاماژەی بە گرنگيی سەردانەکە کرد و هیوای خواست، ببێتە هۆی زیاتر ڕوونکردنەوەی پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستووردا هاتووە و پێویستە ماددەکانی دەستوور، هەمووی وەکوو خۆی و وەک یەک پاکێج جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر نیازپاکی و ڕێزلەیەکترگرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان هەبێت، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبن. گوتیشی ئێمە دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت و پێویستە هەموومان کار لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان بکەین.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت، بۆیە پێويستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت و هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش، وەک هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە نۆزدە ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتووە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و لە هەمانکاتدا، کار لەسەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارايیی ئەنجومەنی نوێنەران، بە ناوی شاندەکەوە، سوپاسی پێشوازيی گەرم و هەماهەنگيی باشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی کردەوە کە ئامانج لە هاتنی لیژنەی دارایی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی جیددی و بنەڕەتی، چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی کێشە داراییەکان بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوام دەبێت.