Skip to the content

پرسى کچ وژنانی کەمپی ئاوارە ناوخۆییەکان خرایە بەرباس

هەولێر هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لەبەغدا د. خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی کاروباری خانمان لەلایەن ئیڤان جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق پێشوازی کرا.

ئەمینداری گشتی کاروباری خانمان تیشکی خستە سەر رۆڵی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان لەحەوانەوەو دابینکردنی خزمەتگوزاری ئاوارە ناوخۆییەکان و ئەو سەردانە مەیدانیانەشی خستە روو کە لەنزیکەوە رەوشی ئاوارەکانی بەسەر کردۆتەوەو گرنگی بایەخدانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بۆ چارەسەرکردنی رەوشی ژیانی ئاوارەکان بەپێویست زانی تاوەکو کاربکرێ بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان.

لەلایەن خۆشیەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق ستایشی ئەو کارانەی کردو بەپێویستی زانی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش لەدابینکردنی خزمەتگوزاریەکان هاوکار و هەماهەنگی بکەن و بەڵێنی هاوکاری و کارکردنی زیاتری بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان دووپاتکردەوە.