Skip to the content

سوپاسنامەیەک لە ئەکادیمیای کوردی یەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەناوی ئەکادیمیای کوردییەوە، ڕێز و سوپاسی زۆری خۆمان بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەردەبڕین، کە لە هاتنەوەی تەرمی پیرۆزی زانای ناوداری کورد دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، هەر لە فرۆکەخانەی هەولێرەوە تاوەکو بەخاک سپاردنی لە گردی سەیوان بەشدار بوون. ڕێز و سوپاسی زۆر تایبەتیی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و ستافی پرۆتۆکۆل و هەموو وەزیرە بەڕێزەکان و پارێزگارەکان و هەموو کەسایەتیی و مامۆستا و ئەکادیمکارە کورد و عەرەبە بەڕێزانەی بەشدارییان لە ڕێورەسمەکەدا کرد و هاوخەمیی خۆیان بۆ لەدەستدانی ئەم زانا گەورەیە نیشان دا، لەخوا دەپارێینەوە ناخۆشی نەیەتە سەر ڕێگایان. نیشتمان ئاوەدان و سەوز، گیانی دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەدیش لەباوەشی کوردستان بە تەک ئەمین زەکی بەگ و مستەفا پاشای یامولکی و گۆران بە ئارامی بخەوێت.

ئەکادیمیای کوردی

25-3-2021