Skip to the content

وتاری ئەکادیمیای کوردی لە ڕێوڕەسمی دوایین ماڵئاوایی زانای ناوداری کورد، دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەکادیمای کوردی، دکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێزدار جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەخریی ئەکادیمیای کوردی، نێچیرڤان بارزانی، ڕێزدار سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی، دکتۆر عەبدولفەتتاح بۆتانی، بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و ماتەمگێڕانی ئامادەبوو لە دوایین ماڵئاوایی مێژوونووسی ناوداری کورد دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، سڵاوتان لێ بێت و بەیانی هەمووتان باش.

بەناوی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردی، بەر لەهەرچی سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو و خۆمان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم.

بەڕاستی بۆمن زۆر سەختە ئێستا لە حزووری تەرمی پیرۆزی مامۆستایەکی گەورەی وەک د. کەمال مەزهەر بتوانم قسە بکەم، ئەوە کۆستێکی گەورەیە بەتایبەت بۆ یەکێکی وەک ئێمەومانان، کە لەڕێگەی کتێبەکانی ئەم مامۆستا ڕابەرەوە مێژوومان خۆشویست، لەڕێگەی د. کەمال مەزهەرەوە چووینە ناو بواری مێژوو و عاشقی مێژوو بووین. ئەوە د. کەمال مەزهەر بوو هات و گوتی ئیدی مێژوو تەنیا سەربووردە و حەقایەت گێڕانەوە نییە. ئەوە ئەو بوو هات و گوتی پێویستە ئیدی مێژوو بە زانینی هۆکاری ڕووداوەکان و زەمینە و سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵ ببەستینەوە و مێژوو تەنیا مێژووی چینی سەردەستە نییە، بەڵکو مێژوو، مێژووی خەڵکە. بەومانایە ئەو هات و دابڕانێکی مەعریفی گەورەی لە مێژوونووسیی کوردی هێنایە ناوە و بەجۆرێکی جیاواز مێژووی نووسییەوە. ساڵانی خوێندنی لە بەشی مێژوو لە بەغدا پاشخانێکی مێژوویی گەورەیان بە د. کەمال بەخشی، بەتایبەت کە ئەو یەکەمی سەر بەشی مێژوو بوو. دواتر ساڵانی دوای (کودێتا)ی 1958 و تا ڕێکەوتننامەی ئاداری 1970 ماوەی نزیکەی یانزە ساڵ لە یەکێیتی سۆڤییەتی جاران هەم کارنامەی دکتۆرا و هەم دکتۆرانامەی ناوکیشی لەسەر مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستانی خواروو 1918-1932 نووسیوە. لەو ماوەیەدا وێرای ئامادەکردنی کارنامەی دکتۆراکەی بەزمانی رووسی، هاوکات کۆمەڵێک وتار و لێکۆڵینەوەی گرینگیشی بەزمانی ڕووسی بڵاوکردۆتەوە.

دواتر د. کەمال دوای ڕێکەوتنامەی ئازاری 1970 گەڕایەوە بۆ بەغدا چ لە زانکۆ و چ لە کۆڕی زانیاریی کورد، ئەم ساڵانە پڕاوپڕ بوون لە بەرهەم و خەرمانێک کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی نایابی، چ بە زمانی عەرەبی و چ بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە. ئەوەی شێوازی نووسینی د. کەمال جیادەکاتەوە ئەوەیە، چ لە زمانی عەرەبی و چ لە کوردیی نووسیندا، نووسینەکانی بەزمانێکی زۆر شیرین و چڕوپڕ نووسیوە. د. کەمال زانایەکی فرە بەرهەم و خاوەنی خەرمانێک لێکۆڵینەوەیە، کە دەرفەت نییە لێرەدا پەنجە بۆ هەموو بەرهەمەکانی ڕابکێشم، بەڵام یەکێک لە کتێبەکانی کە وەرچەرخانێکی گەورەی لە مێژوونووسیی لای کورد هێنایە ئاراوە، بەڕای من کتێبی (مێژوو) بوو، لە مێژوو دا د. کەمال هەموو ڕوانین و بنەماکانی مێژوونووسیی زۆر بە وردی شیکردۆتەوە و زێدەرۆیی ناکەم بڵێم کتێبی مێژوو، سەدان و هەزاران کەسی وەک منی پەلکێشی ناو (مێژوو) کرد. بۆیە ئەگەر بەهەق شەرەفخانی بەدلیسی باوکی یەکەمی مێژووی کورد و ئەمین زەکی بەگ باوکی دووەمی بێ، ئەوا بەبێ هیچ دوودڵییەک د. کەمال مەزهەر باوکی سێیەمی مێژوونووسیی کوردییە. د. کەمال بەرلەهەرچی ئینسان بوو، دوایی کورد و دوای ئەوە خاوەنی بیرێکی پاک و چەپێکی نیشتمانیی و کوردانە بوو و تا دوایین هەناسە، هەر بۆ ئەم خاکە ژیا و دواجاریش هاتەوە باوەشی ئەو خاکەی کە هەموو ژیان و تەمەنی خۆی پێ بەخشی، بۆیە تا مێژوو و وشە و کتێب بمێنێ، ناوی د. کەمال بە پیتی زێڕین بە بەرزی و نەمریی دەمینێتەوە.

لێرەدا دەرفەت دەقۆزمەوە و لەم بۆنەیەدا بەدەنگی زۆر بەرز بڵێم هەق وایە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە مێژووی نوێ و هاوچەرخی کوردستان بەناوی د. کەمال مەزهەر ئەحمەد بکرێتەوە بۆ بە ئەرشیڤکردن و دووبارە نووسینەوەی مێژووی نوێ و هاوچەرخی کورد و لە هەمووشی گرینگتر بۆ ڕێزگرتن لە د. کەمال مەزهەر هەوڵ بدرێت سەرجەم بەرهەم و نووسین و چاوپێکەوتنەکان و هەموو وتار و لێکۆڵینەوەکانی بە هەموو زمانەکان کۆبکرێتەوە و دووبارە بەچاپێکی شایستە و جوان چاپ و بڵاوبکرێنەوە و ئەوە ڕەنگە تاقە شتێک بێ، کە رۆحی ئەم مامۆستا گەورەیەی مێژوومان ئاسوودە بکات.

خوات لەگەڵ مامۆستا خاکی و دڵسۆزەکە، ماڵی کۆتاییتان پڕبێ لە ڕووناکی، بە ئارامی بخەوە مامۆستا گیان، ئێوە سەدان و هەزاران قوتابیتان هێنانیە ناو بواری مێژوو و ئیدی کاروانی ئێوە دڵنیابە مەشخەڵەکەی ناکوژێتەوە، ئەو ڕێگایەی ئێوە گرتتانە بەر، ئاکاری بەرز و جوان و ڕەوتاری خاکییانەت بۆ هەمیشە دەکەین بەسەرەمەشق. خوات لەگەڵ مامۆستا گەورەکەی مێژووم، ڕێگەت ئاوەدان و ناوت وەک هەمیشە زیندوو، دروود بۆ ڕۆحی پاکتان، خواتان لەگەڵ بۆ ئەو دونیایەی، کە دواجار هەموو ئافەریدەیەک هەر دەبێ پێی بگات، ماڵئاوا بە فرمێسکەوە خواتان لەگەڵ، ماڵئاوا.

 

بۆ زانيين ئه‌كاديمياى كوردى، رۆژى چوارشه‌ممه‌ 24/3/2021، به‌ئاماده‌بوونى ڕێزدار نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و د.عه‌بدولفه‌تتاح بۆتانى، سه‌رۆكى ئه‌كاديمياى كوردى و د.نه‌جاتى عه‌بدوڵڵا، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌كاديمياى كوردى و ژماره‌يه‌كى ديكه‌ له‌ به‌رپرسانى هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و بنه‌ماڵه‌كه‌ى، مه‌راسيمێكى شايسته‌ى بۆ ته‌رمى مێژوونووسى كورد (پ.د.كه‌مال مه‌زهه‌ر) ڕێكخست.