Skip to the content

لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم باس لە تاوانەکانی جینۆساید و ئەنفال کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەستە کە ڕێککەوتەکەی ھاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال، ئاماژە بە تاوانەکانی جینۆساید کرا، بڕیار درا تەوەرێک بە ناوی جینۆساید لە ڕاپۆرتی هەفتانەی دەستە زیاد بکرێت، کە ڕژێمی بەعس لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم چەندین تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلی كورد پیادە كرد، كە بریتی بوون لە "كۆمەڵكوژی كوردانی فەیلی، جینۆسایدی بارزانییەكان، كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال" 
بە چەند خاڵێک ئاماژە بە کۆی ئەو داواکاریانە دەدەین کە کەسوکاری قوربانیان و ڕێکخراوەکان و چاڵاکڤانانی ئەم بوارە بە بەردەوامی داوای دەکەن وەکو:
 ١- پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ئەنجامدانی پڕۆسەكانی شیكاری DNA بۆ ڕوفاتەكان.
 ٢- سەرۆك كۆماری عێراق بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبوردن لە قوربانیانی شەڕ و جینۆسایدی سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە گەلی عێراق بە گشتی و لە گەلی کوردستان بەتایبەتی بكات، چونكە بەپێی پرەنسیپی نێودەوڵەتی، داوای لێبوردن، ئەركی سەرۆك كۆماری وڵاتە.
 ٣- حکومەتی هەرێم لە دانوستانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، وەک خاڵێکی سەرەکی باس لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید لە کوردستان بکات، چونکە لە دادگای باڵای تاوانەکان بڕیاری جینۆسایدیان لەسەردراوە، سێ کەیسی تاوانیش لە حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری کۆتاییان وەرگرتووە وەک (کەیسی فەیلییەکان، ئەنفال، هەڵەبجە). لە ھەمان کات کار بکرێت تاکو کەیسەکانی تری تاوان لە لایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدرێت. وەک (جینۆسایدی بارزانییەکان و پاکتاوی ڕەگەزی).
 ٤- هەموو لیستەكانی مووچەی "شەهیدان وجینۆساید و بریندارانی چەكی كیمیایی ... هتد" بڵاوبكرێنەوە و لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە.
 ٥- سەربازگەی تۆپزاوا بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال.
 ٦- داواكاری كەسوكاری قوربانیان جێبەجێ بكرێت.
 ٧- پەرلەمانی كوردستان، هەموو جۆرە دانیشتن و سەردانی بەرپرسانی حكومی و حیزبی لەگەڵ تاوانباران قەدەغە بکات.
 ٨- هەوڵبدرێت عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی كەیسی تاوانەكانی شنگال و شار و شارۆچكەكانی دیكە بگاتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەكە بە جینۆساید بناسێندرێت.
 ٩- دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال، بە تایبەت ئەو ٤٢٣ تۆمەتبارەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، لە ڕێكەوتی ٢٠٠٧/٥/٢٠ وە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنیان بۆ دەرچووە.
 ١٠- ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئەنتەرپوڵ و حكومەتی وڵاتان، تا ڕەگەزنامە و مافی پەنابەرێتیان لێ وەربگیرێتەوە.
 هەر لەبەر گرنگیدان بە بابەتی جینۆساید، دەستەکەمان نوێنەرێکی دەستنیشان کردووە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە هەنگاوەکانی کارکردن لەسەر کەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە شنگال و دەوروبەری، لە دەستەی ڤەکۆلینێ و کۆمکرنا گرۆڤا چارەسەرکرنێ، کە ئەم دەستەیە لە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە کارەساتی شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دامەزرابوو.