Skip to the content

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان و کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٩ ـی ئابی ٢٠٢٢ ، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، باسی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانی کرد و باسی جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ ـی دەستووری ھەمیشەیی عێراقی کرد کە تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم ناوچانەیە.

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان، ڕوانگەی کارکردن و بەرنامەی کاری دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو لەبارەی ناوچە کوردستانییەکان بە ئامانجی خزمەتکردنیان و ئاماژەی بە مافی سەرجەم پێکھاتە جیاجیاکانی ئەم ناوچانە کرد، بەشێوەیەک کە دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە کاری جدی بکرێت بۆ دابینکردنی مافەکانیان بەتایبەتی گەلی کورد لەو ناوچانە.

نەسروڵڵا ڕەشنوودی، جەختی کردەوە لە گرنگیی بوونی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی و ھەرێمی کوردستان و ئامادەیی تەواوی نیشاندا بۆ ھەر جۆرە ھاوکارییەک کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دا بێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان.