Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو تاووتوێی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان کرد

هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١١ ی ئابی ٢٠٢٢، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لە شاری هەولێر سەردانی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد. 
لە دیدارێکی دۆستانەدا کە خەلیل مزووری، بەرپرسی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتوو ئامادەی بوو، دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان و ئەو مەترسییانەی کە ئێستا بەبیانووی جیاواز دەردەکەون، تاووتوێ کران.
جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت بە بەرنامە و دیدی هاوبەشەوە ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە. 
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، گوتی"مامۆستا سەڵاحەدین کەسایەتییەکی دیار و خاوەن بۆچوونی تایبەتە و دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ بگێڕێت و چاوەڕوانیی پشتیوانی لێدەکەین". 
دواتر باسی لە بارودۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم کرد. ھەروەھا تیشکی خستەسەر ماددەی ١٤٠ ـی دەستووری ھەمیشەیی و ئەو کێشە و مەترسییانەی لەم ناوچانە ھەن و درووستدەبن، لەم سۆنگەیەوە یەکدەنگیی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بەپێویست زانی بۆ ھەنگاونان بەرەو کوردستانێکی بەھێزتر و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان. 

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەم ھەنگاوەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی بە گرنگ وەسفکرد؛ جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ـی دەستوور زامنی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانە. دەبێت کۆششی بەردەوامی بۆ بکەین. 
ھەروەھا ڕایگەیاند "نابێت ڕێگەبدەین دەستووری ھەمیشەیی عێراق پێشێل بکرێت و ئەو سنوورانە ببەزێنرێن کە دەبنە مایەی زیانگەیاندن بە ئاشتی و تەبایی و دۆزی کورد، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم".
لە کۆتاییدا پشتیوانیی خۆی و فراکسیۆنی یەکگرتووی بۆ کارەکانی دەستە دووپات کردەوە.