Skip to the content

ئەنجوومەنی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ ی تەممووزی ٢٠٢٢، سەرۆک و ئەنجوومەنی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازیان لە عەبدولواحید محمد جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و مەریوان بەگۆک بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە و سەرۆک و جێگرى یەکێتى مامۆستایان لقى کەرکوک و شاندێکی یاوەریان کرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، باسی لە ڕەوشی پەروەردە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەشێوەیەکی گشتی کرد و بەتایبەتی شاری کەرکوکیان خستە بەرباس. ڕایگەیاند "کێشەی مامۆستایانی کەرکوک بە خەمی خۆمان دەزانین و ھەوڵدەدەین بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم و یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی پەروەردە بکەین، بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک.
پێویستیشە مامۆستایانیش بەشێوازێکی مەدەنی داوای مافە ڕەواکانیان بکەن."
شاندی سکرتاریەتی مامۆستایانی کوردستان و مامۆستایانی کەرکوک، باسیان لە کێشە و گرفتەکانیان کرد لە سنووری شاری کەرکوک و دەوروبەری، تیشکیان خستەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی ناوەندەکانی ‌خوێندنی کوردی لە کەرکوک کە مەترسییەکی ڕژدە بۆ سەر خوێندنی کوردی لەو شارەدا. ھەروەھا باس لە گرفتەکانی سێکتەری خوێندنی باڵا کرا کە ڕووبەڕووی قوتابیانی سنووری شاری کەرکوک دەبێتەوە. داوایانکرد لە ڕێگەی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم داواکاری و کێشەکانیان بگەیەنرێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. 

سەرۆکی دەستە بەڵێنی پێدان گشت کێشە و داواکاریەکانیان بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.