Skip to the content

بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، تاوتوێ کرا

هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ، سەرۆک و ئەنجومەنی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازیانکرد لە بابەکر سدیق (کاکەڕەش) ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستووری ھەمیشەیی لە بەغداد، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، باسی بارودۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کرد و  باسی لە بەرنامەی کاری داھاتووی دەستە کرد، ھەروەھا ئاماژەی بە کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق کرد. 
دواتر بابەکر سدیق تیشکی خستەسەر کارەکانی پێشووی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستوور و بارودۆخی ھەنگاوەکانی کارکردنیان لەوکاتدا. ھەروەھا بە گرنگییەوە باسی لە یەکدەنگی و یەکگوتاری ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد لە بەغداد، بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و خەڵکەکەی. 
لە کۆتاییشدا ھەردوولا ئامادەییان نیشاندا بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەک، بۆ ئەنجامدانی کاری بە یەکەوەیی.