Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد

هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لە دوو دیداری جیادا، لەگەڵ ھەریەکە لە ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کۆبووەوە.
لەم سەردانەیدا فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، وێڕای باسکردنی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، تیشکی خستەسەر بەرنامەی کاری داھاتووی دەستە و داوایکرد پەرلەمانی کوردستان وەک بەرزترین دامەزراوەی شەرعیی ھەرێم، پشتیوان و ھاوبەشێکی ڕاستەقینەی کارەکانمان بێت، بە ئامانجی خزمەتگەیاندن بە دۆزی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و خەڵکەکەی. 
لای خۆیانەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگرەکەی، پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ ھەوڵ و کارەکانی دەستە نیشاندا، بەتایبەت ھەماھەنگی دەستە لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، بە مەبەستی خزمەتکردنی کەیسی ئەم ناوچانە.