Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ کونسوڵی یابان کۆبۆوە

هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە یاوەریی ستافێکی ئەنجوومەنی دەستە، پێشوازیانکرد لە ئاراکاوا میکیهیرۆ کونسوڵی گشتی یابان لە هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دەستە، باسی لە بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد، بە تایبەتی دوای هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە ئەم ناوچانە ڕووبەڕووی وێرانکاری بوونەتەوە. هەروەها تیشکی خستەسەر ئەو ڕێکخراوانەی لە عێراق و هەرێمـی کوردستان کار دەکەن و لەمڕووەوە ڕایگەیاند کە  دەستەی ناوچە کوردستانییەکان  هەماهەنگ دەبێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و سێکتەرە جیاجیاکانی دیکە لەم ناوچانەدا.
ئاراکاوا میکیهیرۆ کونسوڵی یابان، باسی لەوە کرد  بەمەبەستی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر بۆ ئەنجامدانی کاری بەیەکەوەیی، دیداری تر و هەماهەنگییەکان زیاتر دەکەن.