Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد

هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ، سەرۆک و ستافێکی ئەنجومەنی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازیان کرد لە احمد ابراهيم الظاهري کونسوڵی گشتی شانشینی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.  سەرەتا فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، کورتەباسێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد، بە تایبەتی دوای هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە ئەم ناوچانە ڕووبەڕووی وێرانکاری بوونەتەوە، هەروەها تیشکی خستەسەر بوونی پێکھاتە و کلتوور و زمانی جیاواز لەم ناوچانە بەڵام ڕۆحییەت و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەھێز پێکەوەژیانێکی ئاشتییانەی ڕەخساندووە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی ڕوونی ھەیە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم ناوچانە. سەرۆکی دەستە گوتیشی "بەباشی دەزانین سوود لە ئەزموونی پێشکەوتووی شانشینی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی وەربگرین لەڕووی ژێرخانی ئابوورییەوە، بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچانە. 
لای خۆیەوە احمد ابراهيم الظاهري کونسوڵی گشتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، باسی لە ئەزموونی وڵاتەکەیان کرد، وە گوتی "حەز دەکەین سەردانی ئەم ناوچانە بکەین، تا لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی ناوچەکە و ڕەوشی ژیانی دانیشتووانی ئەم ناوچانە بین. ھەروەھا لارینەبوونی لە بەرامبەر پێشنیارێکی سەرۆکی دەستە نیشاندا، بۆ دروستکردنی ھەماھەنگی لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شانشینی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێویست لەم ناوچانەدا.