Skip to the content

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ھەماھەنگی و یەکگووتاری ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە بەغدا جه‌ختی لێ كرایه‌وه‌

هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، سەرۆک و ئەنجومەنی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازیان کرد لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی ڤیان سەبرى سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامیەتی مەحما خەلیل و شیروان جەمال.سەرەتای کۆبوونەوەکە ھەردوولا باسیان لە ھەستیاری بارودۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد، دواتر فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، تیشکی خستەسەر پێکھێنانی ژوورێکی یاسایی تایبەت بە کەیسەکانی ئەم ناوچانە و ئەنجامدانی کۆنفرانسێک بە ئامادەیی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بۆ گفتوگۆ کردن و گەیشتن بە دەرئەنجامێک لە بارەی ھەماھەنگی و میکانیزمی ئەنجامدانی کارەکان لەم ناوچانەدا.
ھەروەھا سەرۆکی دەستە باسی کاراکردنەوەی ماددەی ١٤٠ ی دەستووری ھەمیشەیی عێراقی کرد، لەم ڕووەوە نیشاندانی پاڵپشتی تەواوی کایەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بە گرنگ و ئەرێنی وەسف کرد. 
لای خۆیەوە ڤیان سەبرى سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لە بوونی یەکدەنگی و یەکگووتاری ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان کردەوە لە بەغدا، وە بوونی ھەماھەنگی شاندەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە گرنگ زانی. 
لە تەوەرێکی تر، بابەتەکانی ئەنفال، کیمیاباران، جینۆسایدی بارزانییەکان و ئێزیدییەکان، کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی، باسیان لێوە کرا. 
لە کۆتاییشدا بوونی ھەماھەنگی بۆ کاری بەیەکەوەیی بە مەبەستی خزمەتکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و خەڵکەکەی، بە پێویست زانرا.