Skip to the content

کۆبوونەوه‌یەک لەگەڵ بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم به‌ڕێوه‌چوو

هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ، بە سەرپەرشتی سەرۆکی دەستە و ئامادەبوونی ئەنجومەنی دەستە، کۆبوونەوه‌یەک لەگەڵ بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئەنجامدرا.لەم کۆبوونەوەیەدا کە ھەریەکە لە قائیمقامی قەزاکان و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، و بەرپرسی نووسینگەکانی سەر بە دەستەکەمان ئامادەیبوون، بە مەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگی زیاتر، بۆ خزمەتگەیاندن بە خەڵکی ئەم ناوچانە. 
سەرەتای کۆبوونەوەکە، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، ڕایگەیاند "ئامانج لەم کۆبوونەوەیە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگی زیاترە بۆ کار و پڕۆژەی باشتر". ھەروەھا باسی لە بارودۆخی ئەم ناوچانە کرد لە قۆناغە جیاجیاکاندا، وە باسی لە ماددەی ١٤٠ ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق کرد و کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی بە ھەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد، کە کاری جددی بۆ دەکەن. 
لە تەوەرێکی تر، سەرۆکی دەستە باسی لە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی عێراق کرد، کە ئامادەسازی بۆ دەکرێت، وە بە گرنگ و پێویستی زانی کە سەرژمێرییەکی پاک و بێگەرد لە سەرتاسەری عێراق بەتایبەتی لەم ناوچانە ئەنجام بدرێت بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەھۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خێزان لە شوێنی نیشتەجێبوون و زێدی خۆیان، کە ئەمەش مەترسییە بۆ گۆڕانی دیمۆگرافیا و ھاوسەنگی لەم ناوچانە. دواتر تیشکی خستەسەر کارکردن بۆ چاڵاککردنەوە و تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان بێ ھیچ جیاوازییەک لەنێوان قەزا و ناحییەکان، بەڵام نیگەرانین لەم نایەکسانییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەدی دەکرێت لە سنووری ئەم ناوچانە لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە. 
فەھمی بورھان، گوتیشی "دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نەخشەڕێگه‌ و قسەی ھاوبەشیان ھەبێت لەسەر کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچانە". ئاماژەشی کرد بۆ دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان یەکە کارگێڕییەکانی سنووری ئەم ناوچانە و نووسینگەکانی سەر بە دەستەکەمان، بە ئامانجی کاری باشتر و خزمەتی زیاتر، هەر یەکە لە بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، باسیان لە کێشە و گرفتی ناوچەکانیان کرد، وە چەندین سەرنج و پێشنیار و داواکاریان خستەڕوو، سەرۆکی دەستە بەڵێنی ھەموو ھاوکاری و پاڵپشتییەکی پێدان بەگوێرەی توانا و دەسەڵاتی دەستە.