Skip to the content

پێشنیاری ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی کلتووری بۆ پێکھاتە جیاجیاکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ ی ئایاری ٢٠٢٢ ، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لە گەڵ جه‌مال حوسێن بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان کۆبووەوە ، سەرۆکی دەستە باسی لە بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد، بە تایبەتی لەڕووی فەرھەنگی و کلتووری و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینە جیاجیاکان لەم ناوچانە.
پاشان جه‌مال حوسێن، پێشنیاری ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی کلتووری ساڵانەی کرد لەم ناوچانە، بە ھەماھەنگیی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەگەڵ دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بۆ سڕینەوەی ئاسەواری تەعریب.
لە تەوەرێکی تردا، تیشک خرایەسەر بابەتەکانی ئەنفال و جینۆساید، کە پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت لەڕووی ئەنجامدانی توێژینەوە و وەڕگێڕانی ئەو پەرتووکانەی تایبەتن بە جینۆساید بۆ چەند زمانێکی تری بیانی، بە مەبه‌ستی زیاتر ناساندنی بە گەلانی دیکەی جیهان.
ھەروەھا باس لە گرنگیدان بە خوێندنی کوردی و کردنەوەی چەند پەرتووکخانەیەکی کوردی بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە زمانی کوردی لەم ناوچانە كرا.