Skip to the content

به‌دواداچوون بۆ داواكارییه‌كانی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق و ئاشتی ده‌كرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) ڕۆژی دووشەممە ٢٨ـى تشرينى دووه‌می ٢٠٢٢، فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ھەریەک لە هەڵگورد عه‌بدوڵا سیدە، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاشتی و ئاسۆ مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق کرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و ناحیەکانی ئاشتی و تەق تەق بەتایبەتی کرا و تیشک خرایە سەر ئاستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەم ناوچەیە، لەم ڕووەوە کێشە و داواکارییەکانی خەڵکی خرانەڕوو، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی کێشە كارگێڕییه‌كانی سنووری ئەم ناوچانە کرد کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
دواتر سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وێڕای باسکردنی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان و ئەو گۆڕانکارییە ھەنووکەییانەی ڕوودەدەن، ڕایگەیاند"پێویستە خزمەتی زیاتری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بکرێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری" جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت ئەو کێشە كارگێریانه‌ چارەسەر بکرێن و کاری جددی لەسەر بکرێت.
لە کۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سەرۆکی دەستە هه‌موو پاڵپشتی و ھاوکارییه‌كی نیشاندا و بەڵێنیدا داواکاریی ئه‌و ناوچانه‌ بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا كاریان له‌سه‌ر بكرێت و چاره‌سه‌ر بكرێن.