Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سوید کۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، سەرۆک و ستافێکی ئەنجوومەنی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازیان لە شۆڕش قادر دانساز، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید کرد.

سەرەتا فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستە، باسی لە بارودۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد لەڕووی ئەمنی و سیاسی و خزمەتگوزارییەوە، ھەروەھا تیشکی خستە سەر پابەندنەبوونی حکوومەتی عێراق بە دەستوور کە مافی کورد و پێکھاتەکانی تر لەم ناوچانەدا پێشێل دەکرێت.
لەم ڕووەوە ئاماژەی بە کێشەی خوێندنی کوردی و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچانە کرد، کە ڕۆژانە خەڵکی ئەم ناوچانە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە و پێشێلی مافە ڕەواکانیان دەکرێت.

لە تەوەرەیەکی تردا، سەرۆکی دەستە گوتی، "میوانداریی بەشێک لە کونسوڵخانەکانمان کردووە و گرفتی ئەو ناوچانەمان پێ ڕاگەیاندوون لەڕووی دەستووری و یاسایی و سیاسییەوە."

دواتر شۆڕش دانساز، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید، باسی لە گرنگیی ڕۆڵی وڵاتی سوید بۆ ناوچە کوردستانییەکان لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە کرد و ڕایگەیاند، "سوید ھاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان دەبێت بۆ ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان."

ھەروەھا بە باشی زانی ڕاپۆرتەکان دەربارەی ناوچە کوردستانییەکان وەربگێڕدرێنە سەر زمانی ئینگلیزی، بۆ ئەوەی سەرنجی وڵاتان دەربارەی ئەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە ئەنجام دەدرێت ڕابکێشرێت.