Skip to the content

سەرۆکی دەستە لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتیی فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەئامادەیی سەمیرە نادر سەرۆکی فەرمانگەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەکانی سەر بە دەستە ئەنجامدرا.

مەبەست لەم کۆبوونەوەیە لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی کاروباری نووسینگەکان و دۆخی ئەم ناوچانە لەڕووی ئەمنی و ئیداری و خزمەتگوزارییەوە.

سەرەتا فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە دەستخۆشی لە ھەوڵ و ماندووبوونی بەرپرس و فەرمانبەرانی نووسینگەکان کرد، تیشکی خستەسەر ئەو ڕاپۆرتی ھەفتانەیەی کە ئامادەی دەکەن، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی ئەو کارانەی لەماوەی ڕابردوو ئەنجامیان داوە، لەگەڵ پێدانی چەند ڕاسپاردەیەک دەربارەی کار و چالاکییەکانیان؛ داوای لێکردن توانای زیاتر بخەنەگەر بۆ کارکردن بەشێوەی تیم لە نووسینگەکان و کاری بەیەکەوەیی نێوان نووسینگەکان و درووستکردنی ھەماھەنگیی زیاتر.

دواتر ھەریەکە لە بەرپرسان وێڕای خۆشحاڵییان بە دیدارەکە، سوپاسی سەرۆکی دەستەیان کرد بۆ بایەخ و گرنگیپێدانی بەردەوامی بە نووسینگەکان؛ باسیان لە ڕەوشی کاروباری نووسینگەکانیان کرد لەڕووی چۆنییەتیی دەوامی ئاسایی و بەڕێوەچوونی کاروبارەکان و ئەو گرفتانەی ھەن. جگە لە خستنەڕووی چەند سەرنج و داواکارییەک.

سەرۆکی دەستە وێڕای پیشاندانی پاڵپشتیی تەواوی بۆ بەرپرسی نووسینگەکان و ھاوکاریکردنیان لە گشت ڕوویەکەوە بۆ جێبەجێکردنی کاروبارەکانیان و خزمەتکردن بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و خەڵکەکەی، ھیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاتر و بەردەوامی بۆ خواستن.