Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD) ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کرد.

ئەم سەردانەی سەرۆکی دەستە بەمەبەستی تاووتوێکردنی گوزەرانی خەڵک و بارودۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوو، لەم ڕووەوە تیشکی خستە سەر گرفتە ئیداری و سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی خانەقین و دوبز و دوز و دەشتی نەینەوا و شەنگال و کێشەی خوێندنگا کوردییەکان.

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند "نیگەرانم کە رۆژانە هەواڵی ناخۆش لە ناوچە دابڕێندراوەکانەوە دەبیستم، هەر لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد و تورکمان و عەرەبەکان و کریستیانەکانی کەرکوک تا کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان".

ھەروەھا جەختی کردەوە کە دەبێت چ وەک حکوومەتی هەرێم و چ وەک لایەنە سیاسییەکان، هەموو پێکەوە هەوڵ و توانای خۆمان بخەینەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم ناوچانە و نابێت لەوە زیاتر پشتگوێ بخرێن.

ھەر لە دیدارەکەدا، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، کۆی پەیام و داواکارییەکانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی گەیاندە جێگری سەرۆکی حکوومەت، وێڕای نیشاندانی پاڵپشتی بۆ سەرۆکی دەستە و کار و بەرنامەی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەڵێنی دووپات کردەوە بۆ ھەر جۆرە ھاوکارییەک بەمەبەستی خزمەتگەیاندن بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد لەم ناوچانە و فەراھەمکردنی ژیانێکی شایستە بە خۆڕاگریی خەڵکی ئەم ناوچانە.