Skip to the content

سەرۆکی دەستە پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی کۆماری ھیندستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- کۆبوونەوەی سەرۆکی دەستە لەگەڵ کونسوڵی وڵاتانی بیانی، بەمەبەستی ناساندنی مێژوو و جوگرافیای ناوچە کوردستانییەکان و ئاشناکردنیانە بە بارودۆخی ئەم ناوچانە، لەم سۆنگەیەوە فەھمی بورھان کورتە باسێکی دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە کوردستانییەکان و پێشھاتەکانی ئەم دواییەی بۆ کونسوڵی ھیند خستەڕوو، هەروەها تیشکی خستەسەر بوونی پێکھاتە و کلتور و زمانی جیاواز لەم ناوچانە بەڵام ڕۆحییەت و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەھێز پێکەوەژیانێکی ئاشتییانەی ڕەخساندووە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد سەرەڕای بوونی چەند کێشیەک لەنێوان حکومەتی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی ڕوونی ھەیە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم ناوچانە.

دواتر سوبهاش چاندرا کونسوڵی گشتی کۆماری ھیند، وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی سەردانیکردنیان بۆ لای بەڕێز سەرۆکی دەستە، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کرد، لەم ڕووەوە باسی لەو کار و پڕۆژانە کرد کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامیانداوە، وە تیشکی خستەسەر دەستەبەرکردنى خولى ڕاهێنانى جۆراوجۆر بۆ فەرمانبەرانى میری لە دام و دەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان. هەروەها باسى لە پێدانى کۆرسى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان لە ساڵى ٢٠٢٣ ، ڕایگەیاند"ئامادەین لە ڕێگەی کار و پڕۆژەی زیاتر خزمەت بگەیەنینە ناوچە کوردستانییەکان" ھیوای خواست دەستە ھاوکاریان بێت لە ھەر پڕۆژەیەک کە لەم ناوچانە ئەنجامی بدەن.

لای خۆیەوە فەھمی بورھان پاڵپشتی خۆی و دەستەی بۆ کونسوڵی ھیند دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ھەر کار و پڕۆژەیەک کە خزمەت بگەیەنێتە ناوچە کوردستانییەکان و خەڵکەکەی.