Skip to the content

شەش كێڵگە مین دوای پاككردنەوەیان رادەستی خاوەنەكانیان دەكرێنەوە

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دووشەممە 16\8\2021 لە درێژەی هەڵمەتەكانی دا دەزگای گشتی كاروباری مین  بە هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی  بواری كاروباری مین  لە هەرێمی كوردستان  رووبەری زیاتر لە (572678)مەتر دووجا لەسنوری پارێزگای دهۆك پاككردۆتەوە كە زیاتر لە (900) مین و تەقەمەنی و پاشماوە  جەنگی تیایدا دۆزراوەتەوە
لە هەریەك لە كێڵگە مینی (كون رویڤی) لە گوندی بازەلان لە ناحیەی فائیدە وكێڵگەمینی(دارەمەشكا) ناحیەی بامەڕنێ و   كێڵگە مینی (سیفكا) لەگوندی ئێسفكا لە ناحیەی سەرسەنگ و  كێڵگە مینی (قەسركێ) لە گوندی زاوێتە لە ناحیەی زاویتە هەروەها دووكێڵگە مین لە  شەڕگەی شێخ بۆگا دوای پاككردنەوەیان  رادەستی خاوەنەكانیان كرانەوە.
لە لێدوانێكیشدا جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری  مین  رایگەیاند" هەوڵەكانی دەزگا  بۆ پاككردنەوەی بست بە بستی خاكی كوردستان  لە مەترسیەكانی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیەكان بەردەوامە و هەموو هەوڵێكی دەزگای مین ئەوەیە  كوردستان پاكبكرێتەوە لە  دووژمنێكی شاراوە كە مین و تەقەمەنیەكانن، بەداخەوە  رۆژانە لەسەرجەم دەڤەرەكانی كوردستان  هاوڵاتیان دەبنە قوربانی چونكە رووبەرێكی  یەكجار فراوان لە خاكی هەرێمی كوردستان  بە مین و تەقەمەنی پیسكراوە لە دەیەكانی سەدەی رابردوودا، لە كارە لە پێشینەكانی  دەزگای مینیش ئەوەیە ئەو شوێنە پیسبووانەی لە نزیك  ناوچەی دانیشتوانن بە زوویی پاكبكرێنەوە"
جێگەی ئاماژەیە بەهۆی جیۆپۆلۆتیكی كوردستان و بوونی چەندین  شەڕی وڵاتان  بەتایبەت جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران  رووبەرێكی فراوان لە خاكی كوردستان  بەتایبەت  لە ناوچە سنورییەكان  بە مین و تەقەمەنی پیسكراوە  تا ئێستاش نەتوانراوە  لەلایەن  هاوڵاتیان  و خاوەنەكانیان بەكار بهێندرێن، دەزگای مینیش   كە كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان  رادەپەڕێنێت بەردەوامە لە پاككردنەوەی ئەو ناوچانە .