Skip to the content

لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە ٨٠ هەزار مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاككرانەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ٨٠ هەزار مەتر دووجا زەوی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پاككرانەوە و پاش دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان، ڕادەستی خاوەكانیان كرانەوە.

زەوییەکان دەكەونە شوێنی جیاجیا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و پڕۆسەی پاکسازی و پاڵپشتە داراییەكانیشی لەلایەن ڕێکخراوی MAG و ITF بووە. پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی پڕۆسەی پاکسازی و سەلامەتیی تەواوەتییش، لەلایەن تیمەکانی دڵنیایی و کۆنتڕۆڵی جۆری، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مینی سلێمانی، ڕادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە.

نوێنەری دانیشتووانی ئەو ناوچە جیاجیانەش  سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینیان کرد لە پاککردنەوەی ناوچە و گوندەكانیان، كە  بەهۆی نەمانی مەترسییەكان و شیاندنەوەی ئەو زەوییانە دووبارە دەتوانرێت لەڕووی كشتوكاڵی و نیشتەجێبوونەوە بەكاربهێنرێنەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی بەڕێوەبەرایەتییە جۆربەجۆرەكانی پاككردنەوەی مینەوە، بەردەوام لە هەوڵی پاككردنەوەی زەوییە پیسبووەكانی مین و تەقەمەنییە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا، بۆ ئەو مەبەستەش، بە هاوكاریی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بەردەوامی بەو هەڵمەتانەی دەدات.