Skip to the content

لە پارێزگای سلێمانی ڕووبەری ١٠٧ هەزار مەتر دووجا زەوی پاککراوە ڕادەست بەخاوەنەکانی کرایەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - لە درێژەی کاری پاکسازی لە کێڵگە مینەکان و پاککردنەوەی خاکی کوردستان لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی لەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی هەستا بە ڕادەستکردنەوەی سێ زەوی پاکراوە لە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیەکان.
زەوییەکان لەلایەن لیژنەی ڕادەستکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی و نوێنەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی MAG و خاوەنی زەوییەکان ڕادەست بەخاوەنەکانیان کرانەوە.
کێڵگە مینەکان دەکەونە ناحیەی شوان و پێکدێن لە دوو زەوی پاککراوە بەڕووبەری ٧١،٧٥٠م٢ و لە گوندەکانی خدر شیرین و ناوچەی گەورە و زەوییەکەی دیکە دەکەوێتە ناحیەی قەرەھەنجیر بە ڕووبەری ٣٥،١٦٨م٢ لە گوندی گۆران.
کاری پاکسازییەکانی ئەم زەوییانە لەلایەن ڕێکخراوی MAG ئەنجامدراوە، پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی پرۆسەی پاکسازی و سەلامەتی تەواوەتی لەلایەن تیمەکانی دڵنیایی و کۆنترۆڵی جۆری بەڕێوەبەرایەتی گشتی مینی سلێمانی ئامادەکراوە و ڕادەستی ڕادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە.
جێگەی ئاماژەیە تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مین لە سنوری پارێزگاکان رۆژانە بەردەوامن لە پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکان بە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیە نەتەقیووەکان.