Skip to the content

دەزگای گشتی کاروباری مین لە سنووری پارێزگاکاندا بە دەیان مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی لەناو دەبات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- تیمی لە ناوبردنی تەقەمەنیە نەتەقاوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، لە چەند چاڵاکییەکدا زیاتر لە (٤٠) مین و پارچەی تەقەمەنی جەنگیان لەناو برد.
بۆ ئەو مەبەستە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی هەولێر لە سەربازگەیەکی کۆنی ڕژێمی پێشووی عێراق لە گوندی دێلزیانی سەر بە ناحیەی دیانا، دوای گەڕان و پشکنین لە لایەن تیمی هەڵگرتنەوە، زیاتر لە (۲٠ )، پارچە تەقەمەنی جەنگی لە جۆری گوللە( هاوەن و تۆپ)، کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو دەگەڕایەوە دوای دۆزینەوەیان گواسترانەوە بە مەبەستی لە ناوبردنیان، لە لایەکی دیکەش لە هەریەکە لە سنووری قەزای چۆمان و مێرگەسۆریش ژمارەیەک مین و تەقەمەنی دیکە گواسترانەوە و لە ناوبردران. کە مەترسییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردبوو.
لەلایەکی ترەوە و لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی سەرەڕای پشووی فەرمی تیمی تەقاندنەوە ( EOD ) ی سەر بە بەشی تیمەکانی مینلابەری دەستی و تەقاندنەوە تواندرا تەقەمەنییەک لە شاخی گۆیژە کە شوێنێکی گەشیارییە لە جۆری کاتیۆشا ١٠٦ ملم بوو بدۆزرێتەوە و لەلايەن تیمەکەوە بۆ شوێنێکی پارێزرا و گواسترایەوە تا لە کاتێکی گونجاودا بتەقێندرێتەوە و لەناو ببرێت.
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی مینی دهۆکیش لەلایەن تیمی تەقاندنەوە ( EOD ) لە قەزای زاخۆ توانرا زیاتر لە ١٠تەقەمەنی پووچەڵ بکرێنەوە کە مەترسی بوون بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان.