Skip to the content

٦٢٥ پارچە تەقەمەنی جۆراوجۆر لەناو برا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ  دووشەممە ڕێکەوتی ۱۳ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲،بە ئامادەبوونی جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین و عەلی میران بەڕێوەبەری گشتی کاروباری هونەری  و جەلال جەعفەر بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین/گەرمیان، لە پرۆسەیەکی ڕێکخراودا بڕی دوو تەن و نیو تەقەمەنیی پاشماوەی جەنگییان  بەسەرکەوتووانە تەقاندەوە و لەناوبرد. 
 تەقەمەنییەکان بریتی بوون لە (٦٢٥) پارچە تەقەمەنیی جۆراوجۆری وەك ( بۆمبی فڕۆکە و گوللـەهاوەن و گوللـەتۆپ و مینی دژە کەسی و مینی دژە تانك و نارنجۆك) کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/گەرمیان دۆزرابوونەوە، ئەمڕۆش لە پرۆسەیەکی تەقاندنەوەدا سەرجەمی  لەناوبران .
 دەزگای گشتی کاروباری مین لە ڕێگەی تیمەکانیەوە رۆژانە بەردەوامە لە لەناوبردن و پووچەڵکردنەوەی سەرجەم  ئەو مین و تەقەمەنیە نەتەقاوانەی بوونەتە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان.