Skip to the content

لە پارێزگای دهۆک سەدان مین و تەقەمەنی پووچەڵ دەکرێنەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  دەزگه‌ی گشتیی کاروباری مین  لە ڕێگەی تیمەکانی مینلابەری  لە سنووری پارێزگاکان لە هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی سەرجەم  ئەو مین و تەقەمەنیانەی بوونەتە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان به‌رده‌وامه‌، بۆ ئەو مەبەستە لە سنووری پارێزگای دهۆک  بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی دهۆک ژمارەیەک مین و تەقەمەنی هەڵدەگرێتەوە و لە ناویان دەبات. 
لە ناحیەی سەرسەنگ تیمەکانی تەقاندنەوەی تەقەمەنی دەزگه‌ی گشتیی کاروباری مین،  دەیان گوللە تۆپ و پاشماوەی جەنگیی نەتەقیوی له‌ناو برد، هەروەها لە  سنووری ناحیەی زاوێتە ژمارەیەک مین و تەقەمەنی پووچەڵ دەکەنەوە و ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ شوێنی سەلامەت، لە ناحیەی دێرەلوکی سەر بە قەزای ئامێدی زیاتر لە (١٤)مین  لە جۆری VAR 40، V69 کە مەترسیی بوون  لە سەر گیانی هاووڵاتیانی دەڤەرەکە لە ناوبران.